کوردستان

11:42 - 08/12/2018

قوباد تاڵەبانی دەیەوێت پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی ئاسایی بكاتەوە‌

پەیسەر

قوباد تاڵەبانی، دەیەوێت پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان ئاسایی بكاتەوە، بۆ ئەوەش لەگەڵ مەسعود بارزانی بەنهێنی كۆبوونەوەی كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپەیسەر پرێس، قوباد تاڵەبانی ، كە لەپشكی یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەیە، چەند رۆژێكە دەستی بەچەند هەوڵێك كردووە، ئەوەش لەپێناوی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی حیزبەكەی لەگەڵ پارتی.

قوباد تاڵەبانی بە بەرپرسانی حیزبەكەی راگەیاندووە، دەیانتوانی پۆستی سەرۆك كۆماریش بەرن‌و رێگە نەدەن پارتی لێیان نیگەران بێت

هەر بەپێی زانیارییەكان، قوباد تاڵەبانی لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بەنهێنی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوەی كردووەو لەو كۆبوونەوەیەش داوای ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولای كردووە.

یەكێتی‌و پارتی ماوەیەكە گرژی لەپەیوەندییەكانیان دروست بووە، كە هۆكاری گرژییەكەش پەیوەندی بەكاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆماری عێراقەوە هەبوو لەلایەن یەكێتییەوە، ئەوەش بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ پارتی.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، كە قوباد تاڵەبانی بۆ ئەو مەبەستە قسەی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كردووەو نیگەرانی خۆی لەشێوازی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار دەربڕیوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە قوباد تاڵەبانی بە بەرپرسانی حیزبەكەی راگەیاندووە، دەیانتوانی پۆستی سەرۆك كۆماریش بەرن‌و رێگە نەدەن پارتی لێیان نیگەران بێت، كە نیگەرانییەكان وای لەو حیزبە كردووە تۆڵە لەیەكێتی بكاتەوە.

پارتی پێشترو لەسەروبەندی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لەقوباد تاڵەبانی نیگەران بوو بوو، چونكه‌ لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان هێرشی دەكردە سەر پارتی‌

مانگی نۆی رابردوو یەكێتی بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ پارتی بەرهەم ساڵحی بۆ سەرۆك كۆمار كاندید كرد، كە پارتی بەوە نیگەران بوو، نیگەرانییەكانیشی وای لێكرد، فوئاد حوسێنی لەبەرانبەری كاندیدكرد، بەڵام پارتی لەپەرلەمانی عێراق نەیتوانی كێبڕكێی بەرهەم ساڵح بكات‌و بەسەرۆك كۆمار هەڵبژێرا.

پارتی لەبەرانبەر هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆمار ماوەیەكە دەستی بەچەند هەوڵێك لەدژی یەكێتی كردووەو لەبەغدا رێگرە لەوەی ئەو حیزبە پۆستێكی وەزاری لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدی وەربگرێت‌و هەڕەشەی ئەوەشی كردووە، كە دەبێت یەكێتی چاوەڕێی هەمان میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم بكات.

هەروەها زانیارییەكان ئەوەش دەخەنەڕوو، كە قوباد تاڵەبانی ترسی هەیە بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی پارتی لەیەكێتی رۆڵی زۆری پێنەدات‌و ئەوەش ببێتە هۆی لەدەستدانی ئەو پۆستەی لەكابینەی هەشت هەیبوو، كە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمە.

پارتی پێشترو لەسەروبەندی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لەقوباد تاڵەبانی نیگەران بوو بوو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ناوبراو سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو، كە لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان هێرشی دەكردە سەر پارتی‌ و ئێستاش دەیەوێت بەم هەوڵانەی ئەو نیگەرانییانەش بڕەوێنێتەوە.