کوردستان

09:06 - 25/06/2019

پارتى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ كه‌ركوك رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غداد كردووه‌‌

پەیسەر پرێس

پارتی ده‌یه‌وێت به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك، رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ جۆرێك ده‌بێت، پێشمه‌رگه‌و ئاسایشى پارتى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ چه‌ند شوێنێكى دیاریكراو له‌ شاره‌كه‌، پۆستى قایمقامى ناوه‌ندى لاى پارتى ده‌مێنێته‌وه‌. سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێت، پارتى هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانى پۆستى پارێزگاریش ده‌دات.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غداد، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتی بۆ كه‌ركوك، به‌جۆرێك له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا حه‌شدی شه‌عبی ته‌واوی باره‌گاكانی پارتی چۆڵ بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، دوای ئه‌وه‌ كامیل ساڵه‌یی كه‌ كادیرێكی پارتی-یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك و پۆستی قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی كه‌ركوك وه‌رده‌گرێته‌وه‌، دواتر به‌رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتن، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو.

به‌گوته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، پارتی به‌نیازه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك-یش بۆخۆی وه‌ربگرێت، ئه‌ویش به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی شاره‌كه‌، به‌راوێژ و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌وپێیه‌ی له‌ئێستادا زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ لیستی برایه‌تی، پارتی-ن.

به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ هێزه‌كانی ئاسایشی پارتی، هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ركوك و پاراستنی ئاسایشی كادیره‌كانی پارتی و باره‌گاكانیان له‌ئه‌ستۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كه‌ی پارتی ده‌بێت، به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ی پارتی وه‌ك خۆی جێبه‌جێبكرێت ئه‌وه‌ پارتی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای شاره‌كه‌ ده‌كات، كه‌ پێده‌چێت ساڵی داهاتوو به‌رێوه‌بچێت و هه‌وڵیشده‌دات له‌ئێستاوه‌ ئاماده‌كاری بۆ بكرێت. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بایكۆتی ده‌كات.

پارتى له‌دواى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ كه‌ركوك-ى چۆڵكردووه‌و ته‌واوى ده‌زگاكانى له‌و پارێزگایه‌ داخراون. به‌شێك له‌ باره‌گاكانیشى له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبی-یه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌.