کوردستان

01:13 - 26/06/2019

پارتی خۆی كاندیدى سۆسیالیست و مه‌سیحی-یه‌كان دیاریده‌كات‌

پەیسەر پرێس

پارتى دیموكراتى كوردستان، خۆى كاندیدى هه‌ریه‌كه‌ له‌ حزبى سۆسیالیست و مه‌سیحی-یه‌كان دیاریده‌كات، بۆ دوو وه‌زاره‌تى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی پارتی بڕیاریداوه‌ وه‌زیری شه‌هیدان بداته‌ سۆسیالیست، بڕیاربووه‌ محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سكرتێری ئه‌و حزبه‌ كاندیدبكرێت بۆ پۆسته‌كه‌، سۆسیالیستیش ئه‌وه‌ی پێ باش بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تاكه‌ كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مانیان بمێنێته‌وه‌.

پارتی به‌ سۆسیالیستی راگه‌یاندووه‌، عه‌بدوڵای حاجی مه‌حمود بكرێته‌ وه‌زیری شه‌هیدان و كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مانیش، بۆ باپیركامه‌لا سكرتێری پارتی كرێكاران و ره‌نجده‌ران بێت. به‌وجۆره‌ سۆسیالیست، كورسییه‌كه‌ى په‌رله‌مانى لانامێنێت.

حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پارتی كرێكاران و ره‌نجده‌رانی كوردستان و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان، له‌هه‌ڵبژاردنی ٣٠ی ئه‌یلولی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌یه‌ك لیست به‌شدارییان كرد و یه‌ك كورسی په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێنا.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ و به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، پارتی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی داوه‌ته‌ پێكهاته‌ی مه‌سیحی-یه‌كان، به‌ومه‌رجه‌ی ئانۆ جه‌وهه‌ر به‌رپرسی ناوچه‌ی عه‌نكاوه‌ی پارتی بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكه‌ن، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی مه‌سیحی-یه‌كانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، پارتی داواى له‌ یه‌كێتیش كردووه‌ قوباد تاڵه‌بانی به‌جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بمێنێته‌وه‌، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ش بكرێته‌ وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غداد.

پارتى بۆ ئه‌م كابینه‌یه‌، بڕیاریداوه‌ به‌شدارى به‌ پێكهاته‌كانى توركمان و مه‌سیحی-یه‌كان و حزبى سۆسیالیست-یش بكات، ئه‌گه‌رى به‌هێز هه‌یه‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی-ش به‌ وه‌زاره‌تێك به‌شدارى پێبكات.