کوردستان

03:58 - 26/06/2019

ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى‌

پەیسەر پرێس

كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى كۆتاییهات، هه‌ردوولا وه‌ره‌قه‌ى خۆیان ئاڵوگۆڕكردووه‌، بڕیاره‌ پێش واده‌ى متمانه‌دان به‌ كابینه‌ى حكومه‌ت، وه‌ڵامى یه‌كتر بده‌نه‌وه‌. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، یه‌كێتى و پارتى هه‌رلایه‌كیان جه‌ختى له‌داواكارییه‌كانى خۆى كردووه‌ته‌وه‌. یه‌كێتى هه‌ریه‌كه‌ له‌ خالیدشوانى، عومه‌ر ئینجه‌، رزگار عه‌لى پێشنیاركردووه‌ بۆ پارێزگارى كه‌ركوك. لاى خۆیه‌وه‌ پارتى عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادرى كاندیدكردووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و پێنج كاندیده‌ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجام، ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوو پێش واده‌ى متمانه‌دان، به‌ كابینه‌ى حكومه‌ت وه‌ڵامى یه‌كترى بده‌نه‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى پارتى و یه‌كێتى، دوایین كۆبوونه‌وه‌ى پێش پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوو، پارتى به‌نیازه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ كۆتا هه‌فته‌ى حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر بێت و كابینه‌ى وه‌زاریى پێشكه‌شى په‌رله‌مانى كوردستان بكات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان داوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆى له‌پارتی دیموكراتی كوردستان كردبوو، پێش متمانه‌دان به‌كابینه‌ی حكومه‌ت.

پارتی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی یه‌كێتی پیشاندابوو رایگه‌یاندبوو، ئاماده‌ن رۆژی پێنجشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام یه‌كێتی داوایكردبوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌بچێت.

سه‌باره‌ت به‌هۆكاری داواكاری یه‌كێتی، بۆ پێشخستنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، یه‌كێتی رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر رۆژی چوارشه‌ممه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ ناوی كاندیده‌كانیان راده‌ستی مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌مڕۆ نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆ.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌ر، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ دوا كۆبوونه‌وه‌ى پارتی و یه‌كێتی بوو پێش پێكهێنانى حكومه‌ت، پارتی به‌نیازه‌ به‌بێ یه‌كێتی كابینه‌ی حكومه‌ت پێكبهێنێت، پۆسته‌كانی یه‌كێتی به‌ به‌تاڵی بهێڵێته‌وه‌.