کوردستان

04:40 - 08/07/2019

یه‌كێتى له‌نێو خۆیدا چۆن له‌سه‌ر كاندیده‌كان رێككه‌وت؟‌

پەیسەر پرێس

یه‌كێتى به‌ ده‌نگدان كاندیده‌كانى خۆى بۆ پۆسته‌كان یه‌كلانه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ رێككه‌وتنى پێشوه‌خته‌ رێژه‌ى سه‌دى بۆ هه‌ر باڵێك دیاریكراوه‌، به‌ جۆرێك ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ هه‌رلایه‌كیان سه‌دا ٤٠ی پۆسته‌كانیان وه‌رگرتووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، دیاریكردنی كاندیده‌كانی یه‌كێتی به‌ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی نه‌بووه‌ و به‌ رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی سێ باڵه‌كه‌ی یه‌كێتی بووه‌، به‌جۆرێك سه‌داى ٤٠ی پۆسته‌كان بۆ ماڵی تاڵه‌بانی، سەدا ٤٠ بۆ باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و سەدا ٢٠ بۆ باڵی به‌رهه‌م ساڵح و هیچ كه‌سێكی دیکە لە دەرەوەی هیچ پۆستێكی پێ نه‌دراوه‌. نیگه‌رانی گه‌وره‌ له‌ناو یه‌كێتی له‌سه‌ر میكانزمی دیاریكردنی كاندیده‌كان دروستبووه‌. 

لای خۆیه‌وه‌ مه‌لابه‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، له‌نوسینێكدا له‌پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ره‌خنه‌ی توندی له‌میكانزمی دیاریكردنی كاندیده‌كانی یه‌كێتی گرت و رایگه‌یاند، له‌مێژووی دوای راپه‌رینه‌وه‌ هه‌رگیز به‌م شێوه‌یه‌ پشكه‌كانی یه‌كێتی له‌كابینه‌ی حكومه‌ت دیارینه‌كراوه‌، هه‌ڵبژاردنی پشكه‌كان به‌پێوه‌ری ده‌سته‌گه‌ری عاقیبه‌تی باش نابێت.

هه‌روه‌ها شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، لێپرسراوی رێکخستنەکانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌نوسینێكدا گوتبووى"ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی، فڕی به‌سه‌ر یه‌كێتیه‌وه‌ نه‌بووه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، په‌روین بابه‌كر حه‌مه‌ ئاغا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، خۆی بۆ پۆستی یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان كاندیدكردبوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كان كرابوو، به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی داواى له‌ په‌روین بابه‌كر كردووه‌، له‌پێناوی یه‌كڕیزی یه‌كێتی پاشه‌كشه‌ بكات و ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش، داواكه‌ى به‌هه‌م ساڵح-ی ره‌ت نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان، باڵێكی ناڕازی له‌ شێوازى دیاریكردنی كاندیده‌كان دروست بوون، كه‌ پێكدێن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوی، فواد مه‌عسوم، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، سامان گه‌رمیانی و لاهورشێخ جه‌نگی.

یەکێتی پێش ئه‌وه‌ى لیستى كاندیده‌كان ره‌وانه‌ى مه‌سرور بارزانى بكات، چه‌ند گۆڕانكارییه‌كى له‌ لیسته‌كه‌ كرد. به‌پێى دوایین لیستیش كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ناوى ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود كه‌ بۆ سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم كاندیدكرابوو، لابراوه‌.