کوردستان

05:15 - 08/07/2019

گۆڕان و یه‌كێتى بۆ ده‌نگدان به‌ كاندیده‌كانى یه‌كدى رێككه‌وتنیان نییه‌‌

پەیسەر پرێس

گۆڕان و یه‌كێتی، به‌جیا ناوی كاندیده‌كانیان راده‌ستی كاندیدی راسپێردراوی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كرد، تائێستا هیچ رێككه‌وتنێكیان له‌نێواندا نییه‌ بۆ ده‌نگدان به‌ كاندیده‌كانی یه‌كتر.

تائێستا نازاندرێت یه‌كێتی ده‌نگ به‌كاندیده‌كانی گۆڕان ده‌دات، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هیچ بڕیارێك نییه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی یه‌كێتی بدات. سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند ئه‌گه‌ر تا رۆژی پێنجشه‌ممه‌، ده‌ستپێشخه‌ری له‌لایه‌ن لایه‌نێكیانه‌وه‌ نه‌كرێت، ئه‌وه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانى خۆیان ئازاد ده‌كه‌ن ده‌نگ به‌كاندیده‌كانى یه‌كتر بده‌ن یاخود نا.

ئاشنا عه‌بدوڵا ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ فراكسیۆنى گۆڕان به‌ په‌یسه‌رپرێس-ى راگه‌یاند، تا ئێستا هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان ئه‌وان و فراكسیۆنى سه‌وزدا نییه‌ بۆ ده‌نگدان به‌ كاندیده‌كانى یه‌كتر، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن بكرێت ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانى یه‌كتر ده‌ده‌ن.

په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی چوارشه‌ممه‌ی دیاریكردووه‌ بۆ ده‌نگدان به‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم. تا ئێستا سى ڤى كاندیده‌كان نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ لاى په‌رله‌مانتاران، نوسینگه‌ى مه‌سرور بارزانى كاندیدى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ لیستى ناوى کاندیدەكانى بڵاوكرده‌وه‌.