کوردستان

07:28 - 09/12/2018

مەكتەبی سیاسی یەكێتی داواكارییەكی لاهور شێخ جەنگی رەتدەكاتەوە‌

پەیسەر

لاهور شێخ جەنگی داوا لە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی دەكات، سەركردایەتی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی پێ بسپێرن و مەكتەبی سیاسیش بەهۆی هۆشداریەكی پارتیەوە رەتی دەكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، لەكۆبونەوەكەی رۆژی 8/12/2018 ی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، لاهور شێخ جەنگی بەشداریكردووە و داوای لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی كردووە، سەرۆكایەتی شاندنی گفتوگۆكانی یەكێتی پێبسپێرن بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد دەربارەی وەرگرتنی وەزیری داد.

سەرچاوەكە دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی راشیگەیاندووە دۆخی یەكێتی باش نیە و رێككەوتنی پارتی لەگەڵ لایەنەكانی تر لەسەر حسابی یەكێتی دەبێت، بۆیە داوای كردووە بۆ پاراستنی یەكێتی ئەو پێویستی بەوەیە خۆی سەركردایەتی گفتوگۆكان بكات.

 

لەبارەی وەڵامی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ داواكەی لاهور شێخ جەنگی، ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئەندامانی مەكتەبی سیاسی داواكاریەكەیان رەتكردۆتەوە.
پێشتر پەیسەرپرێس بڵاویكردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، داوای ئەوەی لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردووە، نایەوێت ئەوانەی "سەركردایەتی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریان كردبوو" بەشداربن لە گفتوكۆ و كۆبونەوەكانی نێوان هەردوو لایان.

هەروەها رۆژی 17/11 /2018  لاهور شێخ جەنگی لەكۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كە لەشاری سلێمانی بەرێوەچوو بەشداریكرد، بەڵام شاندی پارتی رایانگەیاند كە یەكێتی ناوی ئەندامانی شاندەكەی بۆ رەوانەكردوون لاهور شێخ جەنگی تێدانەبووە، بۆیە ئەوان لە بەشداریكردنی ئەو بەرپرسەی یەكێتی نیگەران بوون.