کوردستان

09:46 - 10/07/2019

لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی یەكێتی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە‌

پەیسەر پرێس

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ده‌یه‌وێت جارێكی تر پۆستی پارێزگاری سلێمانی بهێنێته‌وه‌ به‌رباس و هه‌نگاوه‌كانی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ی ده‌ستپێكردووه‌، به‌ڵام له‌ ناوخۆیی ئه‌و حیزبه‌دا دوو بۆچونی جیاواز هه‌یه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ستی په‌یسه‌رپرێس، به‌رپرسانی یه‌كێتی نزیك له‌ ماڵی تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن، ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌وروژێنرێت و پشتیوانی ئەوە دەكەن، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر له‌ پۆسته‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت.

ئه‌و به‌رپرسانه‌ی یه‌كێتی نایانه‌وێت، لەم دۆخەدا بەهۆی پۆستی پارێزگارەوە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ گۆڕان ئاڵۆز بكەن، دەشیانەوێت پۆستەكانی حكومەتە خۆجێیەكان تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان وەك خۆیان بمێنێتەوە.

هەرچی سەبارەت بە هەڵوێستی بەرپرسانی یەكێتی نزیك لە كۆسرەت رەسوڵە، زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەدەن، كە ئەو بەرپرسانە پێداگری لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار دەكەن. بۆ ئەو مەبەستەش عیزەت سابیریان كاندیدكردووە بۆ شوێنەكەی پارێزگاری ئێستای سلێمانی.

یەكێتی و گۆڕان رێككەوتنێكیان بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی و هەڵەبجە لەنێواندایە، بەپێی رێككەوتنەكەش پۆستی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا دوو ساڵ بەدووساڵ دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نەكرا یەكێتی دەیەوێت ئەو پۆستە لەگۆران وەربگرێتەوە.