کوردستان

10:55 - 10/07/2019

موسلیم عەبدوڵا قەسرێ: حەزدەكەین حكومەتێكی بەهێز هەبێت لە كوردستان‌

پەیسەر پرێس

ئەندامێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت بەشداری كۆبونەوەی ئەمرۆی پەرلەمان دەكەين، بەڵام دەنگ بەكابینەی حكومەت نادەين. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات كه‌ حه‌زده‌كه‌ن حكومه‌تێكی به‌هێز دابمه‌زرێت و ئه‌وانیش بتوانن ئۆپۆزسیۆنێكی كارابن.

موسلیم عەبدوڵا قەسرێ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: بەشداری كۆبونەوەی ئەمرۆی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، بەڵام دەنگ نادەین بەكابینەی حكومەت.

 گوتیشی: لەئەمرۆوە هەنگاوەكانی ئەوان بەئاراستەی ئۆپۆزسیۆن بوون دەستپێدەكات و پرۆژە و بەرنامە و دیدگای خۆشیان بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون هەیە و موسلیم عەبدوڵا قەسرێ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، حەز دەكەن حكومەتێكی بەهێز هەبێت و ئەوانیش ئۆپۆزسیۆنێكی كارا بن.

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئاماژەی بەوەشكرد، مانای ئۆپۆزسیۆن بوون مانای دژایەتی حكومەت نیە بەداخەوە ئەم جۆرە كلتورە لەكوردستان لەقۆناغەكانی رابردوو وانەخشێندراوە و پیشاندراوە ئەگەرنا ئۆپۆزسیۆن بوون تەواوكەری كاری حكومەتە و ئۆپۆزسیۆن بوون رێپیشاندەری كاری حكومەتە بۆ ئەو كەم و كوڕی و كێشەو گرفتانەی هەن لە كۆمەڵگەدا بۆئەوەی زوتر چارەسەر بكەرێن، بەجۆرێك ئەو كێشانەی حكومەت پەی پێنابات ئۆپۆزسیۆن بۆی روون دەكاتەوە.

كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی 7 كورسی پەرلەمانی كوردستانە و چەند كۆبونەوەیەكیش لەنێوان پارتی و كۆمەڵ بۆ بەشداری ئەو حزبە لەحكومەت ئەنجامدران بەڵام بێ ئەنجام بوون..