کوردستان

12:50 - 19/07/2019

لەبارەی رووداوەكەی هەولێر توركیا داوایەك لە هەرێم دەكات‌

پەیسەر

توركیا داوا دەكات هەرێمی كوردستان رەزامەندی پیشان بدات لەسەر ناردنی تیمێكی لێكۆڵینەوە، بۆ دەستكەوتنی زانیاری لەبارەی رووداوی تەقەكردنەی ریستۆرانتەكەی هەولێر و كوشتنی جێگری سەركونسوڵی توركیا.

 
بەپێی زانیاریانی بەردەستی پەیسەرپرێس، مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، لەپەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی داوایكردووە هەرێمی كوردستان رەزامەندی پیشان بدات كە ئەنكەرە تیمێكی لێكۆڵینەوەی تایبەت رەوانەی هەولێر بكات، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەروداوەكە بكەن.

زانیارییەكانی ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كە مەولود چاوش ئۆغلۆ رایگەیاندووە ئەو روداوە جێگەی گومانە و ئەوانیش دەیانەوێت بگەن بەراستیەكان، لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی رەزامەندی لەسەر داواكاریەكەی وەزیری دەرەوە پیشانداوە و راشیگەیاندووە، دەزگا ئەمنیەكانی هەولێر رادەسپێرێت هاوكاری تەواوی تیمە توركیەكە بكەن.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس، تیمەكەی توركیا لەئەندامانی دەزگای هەواڵگری میت و دەزگای هەواڵگری سەربازی ژیتەم و چەند پسپۆرێكی لێكۆڵینەوەی تاوان پێكدێن و تەواوی كامێرا و هاردەكانیان دەخرێتە بەردەم.

رۆژی چوارشەممە لەئەنجامی تەقەكردن لەریستۆرانتێكی شاری هەولێر 3 كەس كوژران كەیەكێكان جێگری كونسوڵی توركیا بوو.