کوردستان

12:24 - 21/07/2019

سێ‌ یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌

پەیسەر

سەرۆكی حكومەت سێ یاریدەدەری دەبێت و پارتیش بەنیازە بەبێ دەركردنی یاسا لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە، فەرمانی دەستبەكاربوونیان بۆ دەربكات.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سێ یاریدەدەری دەبێت ئەوانیش جەلال جەوهەر یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی و رێبازحەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی و ئاشتی هەورامی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە.

سەرچاوەكەیەكی ئاگادار ئەوەی بۆ پەیسەرپرێس ئاشكراكرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە پرسی یاریدەدەرانی سەرۆكی حكومەت، پێویستی بە دەركردنی یاسا لە پەرلەمان نیە و لەدەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتدایە، لەبەرامبەردا چەند فراكسیۆنێك لەپەرلەمانی كوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن پرسی یاریدەدەرانی سەرۆكی حكومەت و دەسەڵاتەكانیان لەپەرلەمان بەیاسا رێكبخرێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، باسی یاریدەدەری چوارەمی سەرۆكی حكومەت دەكرێت كە تایبەت بێت بەمافی كەمینەكانی هەرێم بەڵام تائێستا ئەوە بەتەواوەتی پشتراست نەكراوەتەوە.