کوردستان

04:50 - 10/12/2018

بۆ خەرجكردنی موچەی دوو مانگی فەرمانبەران هەرێم داوایەك ئاڕاستەی بەغدا دەكات‌

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ نوسراوی فه‌رمی داوای له‌ به‌غدا كردووه‌، 951 ملیار دیناری سێ مانگی سه‌ره‌تایی ئه‌مساڵ ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات، له‌ ئه‌گه‌ری ناردنیشی هه‌رێم موچه‌ی مانگه‌كانی (10 و 11) ئه‌مساڵی فه‌رمانبه‌ران خه‌رجده‌كات.

كابینه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی بڕیاریدا 317 ملیار دینار ، وه‌ك سولفه‌ی مانگانه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات، به‌ڵام له‌ مانگی ئازاره‌وه‌ ئه‌و سولفه‌یه‌ ره‌وانه‌ كرا، له‌ ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ مانگه‌كانی (1-2)ی له‌گه‌ڵ مانگی (12) له‌ به‌غدا وه‌ربگرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بە پەیسەرپرێسی راگەیاند: ئەگەر بەغداد سولفەی سێ مانگ رەوانەی هەرێم بكات، ئەوا حكومەتی هەرێم موچەی دوومانگ ( 10 – 11)ی فه‌رمانبه‌ران دابەشدەكات .

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس گوتیشی: لە ئەگەری هاتنی ئەو سێ‌ سولفەیەش، حكومەت تەنها توانای خەرجكردنی دوو موچەی هەیە، چونكە بۆ خەرجكردنی سێ‌ موچە پێویستی بە زیاتر لە دوو ترلیۆن دینارە و لە ئێستادا حكومەت توانای خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەی نیە.

بیانوەكەی حكومەتی هەرێم بۆ خەرجنەكردنی موچەی سێ‌ مانگی كۆتایی 2018ی فەرمانبەران لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان مانگانە 30 ملیار دینار لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و 317 ملیار دینار لە بەغداد وەردەگرێت و 100 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ چنگ دەكەوێت، جگە لەو داهاتانەش رۆژانەش زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەكات.