کوردستان

07:34 - 25/07/2019

چیا و نما نەوشیروان مستەفا په‌یامێكیان بۆ ساڵیادى دامه‌زراندنى گۆڕان بڵاوكرده‌وه‌‌

پەیسەر

چیا و نما نەوشیروان مستەفا، په‌یامێكى پیرۆزباییان بۆ ساڵیادى دامه‌زراندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بڵاوكرده‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نن، بەڵێندەدەین کە بە ئیرادەیەکی بەهێز و بەهەمان رۆحیەتی ٢٥ی٧ و بەهەمو هێز و توانمانەوە کاربکەین، بۆ سەرخستنی پڕۆژە و بەرنامەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕان.

ده‌قى په‌یامه‌كه‌

 ١٠ساڵ لەمەوبەر بزوتنەوەی گۆڕان لەدۆخێکی ناهەموار و سەختی سیاسیدا، دامەزرا و یەکەم بەشداری لە هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان کرد، سەرەڕای ئەوەی زۆر کەس و لایەن گرەویان لەسەر شکستی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرد و نوقڵانەی ئەوەیان لێدەدا، کە گۆڕان لە دوو سێ کورسی زیاتر ناهێنێت.

بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەیەکەم تاقیکردنەوەیەدا، سەرفرازانە سەرکەوتووبوو و توانی بەپشتیوانی هەڵسوڕاو و خەڵکی دڵسۆز و بەمتمانەی هاوڵاتیانی کوردستان، ٢٥ کورسی لەپەرلەمان بەدەستبهێنێت و مۆدێلێکی جیاوازی لەکاری رێکخراوەی و سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی پێشکەشکرد و بووە هێزێکی سەرەکی و کاریگەر لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق.

لەدوای وەفاتی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان کەوتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورستر، کە دۆخێکی نائارام و دڵەڕواکێ و رەشبینی دروستبوو، جارێکی تر هەندێک کەس و لایەن کەوتنە پیلانگیڕی و نانەوەی ئاژاوە و دەستێوەردان لەبزوتنەوەکە، و فاڵی ئەوەیان دەگرتەوە کە گۆڕان کۆتایی هاتووە و خەڵک متمانەی پێ نادات، یاخود دەیانوت گۆڕان دوای هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨هەڵدەوەشێتەوە.

سەرەڕای موئامەرە و پڕوپاگەندە و بوختان و فشاری میدیایی، سەرەڕای قەیرانی دارایی و بایکۆت و ساختەکاری و هەڵکوتانە سەر گردەکە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لەهاوڕێکانمان لەم دۆخە سەختە و لەنیوەی رێگادا بەجێیان هێشتین، بزوتنەوەی گۆڕان توانی بەئیرادەیەکی پۆڵایینەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و رووبەڕووی هەموو ئەو ئاڵنگارییانە بێتەوەو متمانەی گۆڕانخوازان و جەماوەر بەدەستبهێنێت.

ئیستا کە ١٠ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەزموونی سەرکەوتووی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان و کایەی سیاسیدا، پیرۆزبایی گەرم لە گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوان و خەڵکی کوردستان دەکەین و سوپاسی خۆڕاگری و بەئەمەکییان دەکەین، بەڵێن دەدەین کە بە ئیرادەیەکی بەهێز و بەهەمان رۆحێتی ٢٥ی٧ و بەهەمو هێز و توانمانەوە کاربکەین بۆ سەرخستنی پڕۆژە و بەرنامەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕان. بەکردەوەش سەلماندومانە کە درێژەپێدەر و بەرگریکاری سەرسەختی ئەو بەرنامەیەین و لەهەموو خۆشی و ناخۆشییەکاندا لەگەڵ هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازاندابووین و دەبین.
لەکۆتاییدا وتەیەکی رەحمەتی باوکمان نەوشیروان مستەفا دەهێنینەوە، کەدەڵێت:"تا گەنجێکی حەماسی خاوەن خەونی گۆڕانکاری مابێت، لەم سەری کوردستان بۆ ئەوسەری کوردسیان و بە ئاڵایەکی نیلییەوە بەشەقامەکان بگەڕێت و بانگەشە بۆ گۆڕانکاری بکات، دەست لەم رێبازە هەڵناگرین و بەردەوام ئەبین".
نما نەوشیروان مستەفا
چیا نەوشیروان مستەفا
٢٥-٧-٢٠١٩