کوردستان

11:30 - 11/12/2018

بەهۆی یەكێتیەوە پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوا دەكەوێت‌

پەیسەر

بەهۆی ململانێی باڵەكانی یەكێتیەوە پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوا دەكەوێت و پارتیش دەیەوێت یەكەم كاری پەرلەمان هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بێت...

بەهۆی ناكۆكی باڵاكانی یەكێتی لەسەر پۆستەكانی حكومەت و پەرلەمان تا ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵنەبژێردراوە، بەپێی زانیاریەكان پارتی سەرۆكی پەرلەمانی بۆ یەكێتی داناوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماڵی تاڵەبانی داوای ئەو پۆستە دەكەن و بێگەر تاڵەبانیان كاندیدكردوە، هەروەها باڵی كۆسرەت رەسوڵیش داوای هەمان پۆست دەكات و رێواس فایەق كاندیدیانە بۆیە تا ئێستا ئەو پۆستە یەكلایی نەبۆتەوە.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس پارتی فشاری خستۆتە سەر یەكێتی بۆ ئەوەی كاندیدێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكەن، پارتی دەیەوێت پەلەبكرێت لە دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و یەكەم یاساش هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بێت.

بەگوێرەی زانیاریەكانی سەرچاوەكە، پارتی دەیەوێت دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پێش پێكهێنانی حكومەت نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم دەستبەكار بێت.
پارتی لە هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلولی رابردوو 45 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بووە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە، یەكێتی نیشتمانی بەبەدەستهێنانی 21 كورسی بووە حزبی دووەم...