کوردستان

05:21 - 29/07/2019

ناكۆكییە ناوخۆییەكانی پارتی رێگرە لە دانانی كاندیدی پۆسته‌ حكومییەكان‌

پەیسەر

بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، نەتونراوە لیژنەی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی پشكی پارتی (بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرگشتییەكان) دابنرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەست پەیسەرپرێس كەوتووە،  نزیكەی هەزار ئەندام و لایەنگر و بەرپرسی پارتی لەرێگەی لقەكانەوە سیڤیان ناردووە بۆ ئەوەی لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پۆستی بریكار وەزیر و بەرێوەبەری گشتی و راوێژكار وەربگرن.

بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، نەتوانراوە ئەو ەلەناو سی ڤییەكاندا كاندیدەكان یەكلایی بكرێتەوە.

بەپێی سەرچاوەكەی پارتی، هەرچەندە وا بڕیاربوو لیژنەیەك بۆ یەكلایی كردنەوەی كاندیدەكان پێكبهێنرێت، بەڵام تا ئێستا ناكۆییەكان بەجۆرێك بووە رێگر بووە لە دانانی لیژنەكە.
بەپێی زانیارییەكانی بەردەستی پەیسەرپرێس، بڕیارە پێش جەژن كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بكرێت بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی دەربارەی ئەو لیژنەیە بدات، كە كاندیدی ئەو پۆستانە یەكلایی دەكاتەوە و دوای جەژنیش لیژنەكە دەستبەكاربێت.

لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانیشەوە، ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی داوایانكردووە، لیژنەكە لەهەردوو باڵەكەی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی پێكبهێنرێت .

رۆژی 25ی ئەم مانگەش وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەسرور بارزانی كرد، بۆ ئەوەی نێوەندگیری لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بكەن. وەفدەكە داوایانكردووە مەسرور بارزانی نیگەرانیەكانی نێچیرڤان بارزانی دەربارەی كاندیدی وەزارەتەكان لەبەرچاوبگرێت و لەپۆستەكانی تر قەرەبووی بكاتەوە.