کوردستان

06:13 - 29/07/2019

بەرەی توركمانی بە داواكارییەكی پارتی له‌ كه‌ركوك رازی بوو‌

پەیسەر

بەرەی توركمانی بەداواكاری پارتی، بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رازی بووە. پارتى له‌رێگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیشه‌وه‌ له‌ هه‌وڵى دواخستنى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگارى كه‌ركوك-دایه‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، پارتی بەفەرمی داوای لەعەرەب و توركمانەكان كردووە، پشتیوانی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەن و بەرەی توركمانیش وەڵامی پارتییان داوەتەوە، كە بەو پێشنیارە رازین.

سەرچاوەكە دەڵێت، پارتی داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و بەرەی توركمانیش داوای پاكکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەكات، هەردوولاش پێیان وایە بەدواخستنی هەڵبژاردن لەكەركوك بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەكرێت ئەو هەنگاوانە بنرێن، بەوەش ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەهێزبووە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، پارتی دەستی بەدانوستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدیش كردووە لەسەر ئەوپرسە، بەوپێیەی لەهەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەسەڵاتی ئەوە دراوەتە سەرۆك وەزیران، كە هەڵبژاردن لەپارێزگایەك دوابخات، و پارتی دەیەوێت سود لەو بڕگەیە وەربگرێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.

رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقی پەسەندكرد، بەپێی یاساكەش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەرۆژی ١ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامدەدرێت، هەروەها ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە ٤١ئەندامەوە بۆ ١٤ئەندام كەمكرایەوە.