کوردستان

06:23 - 30/07/2019

ناكۆكییەكانی نەجمەدین كەریم و پارتی لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌

پەیسەر

پارتی هەوڵی ئەوەدا ئەدا هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دوابخات، لە ئەگەری دوانەخستنیشی پلانێكی پارتی ئەوەیە ئەو هەڵبژاردنە بایكۆت بكات و ئەمەش نەجمەدین كەریمی نیگەران كردووە، چونكە رێككەوتنی لەگەڵ كرابوو بۆ سەرۆكی لیست.


بەپێی ئەو زانیاریانەی دراوە بە پەیسەرپرێس، نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك،پلانی وەهایە ئەگەر پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كەركوك بكات، ئەوا ئەو بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری ئەو هەڵبژاردنانە دەكات.


 پارتی و نەجمەدین كەریم پێشتر رێككەوتوون كە لەكاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، نەجمەدین كەریم بكرێتە سەرۆكی لیستێك كە پارتی و هەندێك پارتی كوردی و كەسایەتی توركمانی و عەرەب پشتیوانی بكەن.


پارتی دیموكراتی كوردستان دژی ئەوەبوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 1/نیسانی ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت، لەئێستادا هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەدات و ئەگەریش هەوڵەكەی سەرنەگرێت ئەوە ئەگەری بەهێز ئەوەیە پارتی هاوشێوەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ساڵی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران بایكۆتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاش بكات.


لەو كاتەشدا و بە پێی زانیارییەكان نیازی پارێزگاری پێشووی كەركوك ئەوەیە بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری هەڵیژاردنەكان بكات.

نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە شارەكەی جێهێشت و روویكردە هەولێر و دواتریش لەلایەن حزبەكەیەوە دوورخرایەوە.

لەو بارەوە سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، قسەی بۆ پەیسەرپرێس كرد و گوتی: یەكێتی لیستەكەی نەجمەدین كەریم بە پلانی پارتی و بۆ كەمكردنەوەی دەنگەكانی یەكێتی دەزانێت، و پێشی وایە هیچ ناكۆكیەك لەنێوان پارتی و نەجمەدین كەریم نیە و ئەوەی دەگوترێت رێككەوتنی نێوانیانە.