کوردستان

04:59 - 04/08/2019

پارتی كادرێكی خۆی كرده‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غداد‌

پەیسەر

پارتی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه‌، كادرێكی حزبه‌كه‌ی به‌ناوی فارس عیسا كرده‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غداد، ئه‌و به‌رپرسه‌ پێشتر له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی كاریكردووه‌ و خه‌ڵكی پارێزگای دهۆكه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، پێشتر نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌غداد هه‌بووه‌، به‌ڵام نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم نه‌بووه‌ و ئه‌م كابینه‌یه‌ ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌ی كاراكردووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، پارتی بێ راوێژكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی حكومه‌ت، ئه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌ی كاراكرده‌وه‌ و كادرێكی حزبه‌كه‌ی كرده‌ به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌.

له‌حه‌وت ساڵی رابردوودا ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ به‌تاڵ بوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئاڵۆزی كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد. سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ یه‌كێتی به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند ئه‌و پۆسته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری به‌غداد كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتی، خالید شوانی ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كێتى نیگه‌ران كردووه‌.