کوردستان

06:49 - 07/08/2019

یەكێتی هۆشداری دەداتە نەجمەدین كەریم‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هۆشداری دەداتە نەجمەدین كەریمی ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی و داوای لێده‌كه‌ن لە بڕیاری دروستكردنی لیست بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پاشگەزبێتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە لەچەند رۆژی رابردوودا یەكێتی هۆشداریان داوه‌ته‌ نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، كە لیست بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دروست نەكات.

پەیامەكەی یەكێتی بە جۆرێك بووە بۆ نەجمەدین كەریم، كە دروستكردنی لیست راستەوخۆ بە واتای دژایەتی یەكێتی دێت و سەنگەر گرتنە لە حیزبەكەی پێشووی.

 یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هۆشدارییەكەیدا ئەوەی بە نەجمەدین كەریم راگەیاندووە، گەر لەو هەنگاوانەی پاشگەزنەبێتەوە، ناچار دەبن لەكاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ژمارەیەك دۆسیە بۆ رایگشتی ئاشكرا بكەن.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت: ترسێك هەیە لەوەی پارتی نەجمەدین كەریم و یەكێتی لەهەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدژی یەكتر بەكاربهێنێت و پارێزگاری پێشوو لەرێگەی هەڵدانەوەی دۆسیەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، دەیەوێت دەنگی یەكێتی كەم بكاتەوە لەبەرامبەردا یەكێتی دەیەوێت لەرێگەی دۆسیەی گەندەڵیەوە كاریگەری لیستی نەجمەدین كەریم كەم بكاتەوە.

نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە و دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر روویكردە هەولێر و دواتر بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەو حزبە دوورخرایەوە.