کوردستان

04:26 - 08/08/2019

بە دوو قۆناغ پارە بە قاچاغبراوەکانى عێراق لە دەرەوەى وڵات دەگەڕێنرێنەوە‌

پەیسەر

حكومەتی عێراق بەدواداچوون بۆ ئەو پارانە دەكات كە بەنایاسایی لەلایەن بەرپرسانەوە براونەتە دەرەوەى وڵات و سەرچاوەیەكیش دەڵێت بەرپرسانی كوردیش دەگرێتەوە.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتوون، عادل عەبدولمەهدی بە هاوكاری دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی و بە پشتیوانی مەرجەعیەت سەرقاڵی دیاریكردنی ئەو شوێنانەیە كە بەرپرسانی عێراق لەدەرەوەی وڵات پارەکانیان تێدا هەڵگرتووە لەگەڵ بڕى پارەکان، بۆ ئەوەی لە ئایندیەكی نزیكدا رێكاری هێنانەوەیان بگرێتەبەر.

سەرچاوەكە دەڵێت قۆناغی یەكەم لە دیاریكردنی شوێنی پارەكان و بڕەكانیان و خاوەنەكانیانەوە دەست پێدەكات و زانیاریان لەبارەوە كۆدەكرێتەوە. لە قۆناغی دووەمیشدا رێكارەكانی هێنانەوەی ئەو پارانە دەست پێدەكات و بەرپرسانی هەرێمیش دەگرێتەوە.

سەرچاوەكە دەڵێت بەشێك لەو پارانە لە دەرەوە بلۆككراون بەوپێیەی خاوەنەكانیان لە لیستی رەش یان لیستی تیرۆری ئەمریكا و ئەوروپادان، یان وەك پارەی قاچاغ و پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەوانە گەڕانەوەیان ئاسانترە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت ئەگەرچی هەنگاوەكانی ئەم دۆسیەیە دەستی پێكردووە بەڵام گومانی ئەوە دەكرێت سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا ئەو كارتە وەك فشار لەدژی چەند سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆنی عێراق یان لەدژی سەركردەكانی كورد بەكاربهێنێت، بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن.