کوردستان

08:04 - 08/08/2019

ئۆجەلان: من بۆ چارەسەری ئامادەم، وەرن با کێشەی کورد چارەسەر بکەین‌

پەیسەر

عەبدولا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە ڕایگەیاند، ئەو دەتوانێت لە ماوەی حەفتەیەکدا کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و کێشەکە چارەسەر بکات و دەڵێت،" من بڕوام بە خۆم هەیە و دەتوانم ئەو کارە بکەم".

دوێنی ٧ی ئاب پارێزەرانی ئۆجالان سەردانی ئیمراڵیان کرد و ئەمرۆش ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکە لە لایەن پارێزەرەکانییەوە بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە.

پارێزەران ڕایانگەیاند، ئۆجالان نیگەرانی خۆی لە سەر شەڕی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا نیشانداوە و ئەو شەڕەی وەک کارەساتێکی گەورە لەقەڵەمداوە و باسی لە پرۆسەی ئاشتی ساڵی ١٩٩٣ لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا کردووە و قسەکانی تورکوت ئۆزاڵ سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیای بە بیرهێناوەتەوە کە ڕایگەیاندبوو، بە شەڕ هیچ شتێک چارەسەر نابێت.

ئۆجەلان هەروەها باس لە پەیوەندی مێژوویی نێوان تورک و کورد دەکات و ئەوەی خستووەتەڕوو، نەک بە پێی مێژووی درۆ و ساختەی شۆڤێنی، بەڵکو بە پێی ڕاستی و دروستی مێژوو، پێویستە جێگای کوردیش بکرێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا کورد پێویستی بە دەوڵەتێکی تر نییە، بەڵام ئایا کوردیش مافی لەم دەوڵەتەی تورکیادا دەبێت یان نە؟

ئۆجالان هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، بانگەوازی لە هەموو لایەنەک دەکات. دانیشن کێشەی کورد چارەسەر بکەن و دەڵێت،" من بۆ چارەسەری کێشەی کورد ئامادەم و بڕوام بە خۆم هەیە و دەتوانم ئەو کارە بکەم. بەڵام پێویستە دەوڵەتیش هەنگاوی پێویست بنێت."