کوردستان

02:38 - 10/08/2019

دوو باڵى یه‌كێتى هه‌وڵى دواخستنى كۆنگره‌ ده‌ده‌ن‌

پەیسەر پرێس

دووباڵی یه‌كێتی هه‌وڵده‌ده‌ن كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌یان بۆ ساڵی داهاتوو دوابخه‌ن، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى به‌شێك له‌ كادیران و به‌رپرسانى حزبه‌كه‌ى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و باڵی بێلایه‌نه‌كانی ناو یه‌كێتی، هه‌وڵه‌كانیان چركرووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، كۆنگره‌ دوابخەن.

به‌و دوو باڵه‌ى یه‌كێتى ده‌یانه‌وێت، ٢١-١١-٢٠١٩ كۆنگره‌ نه‌كرێت، كه‌ له‌لایه‌ن مه‌كته‌ى رێكخستنى حزبه‌كه‌وه‌ ئه‌و رۆژه‌ پێشنیاركراوه‌، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت  دوابخرێت بۆ مانگی یه‌كی ساڵی داهاتوو. سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ماڵی تاڵه‌بانی پشتیوانی به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كه‌ن له‌مساڵدا، تائێستاش به‌رهه‌م ساڵح بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌.

به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی پێیان وایه‌، دیاریكردنی ٢١ی١١ هه‌وڵێكه‌ بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌ك كه‌ ته‌سفیه‌ حسابی تێدابكرێت، بۆیه‌ ده‌ڵێن، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و رێككه‌وتن له‌سه‌ر میكانزمی دیاریكردنی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ و له‌به‌ر یه‌كێتی ناو یه‌كێتی، باشتره‌ كۆنگره‌ بۆ مانگی یه‌كی ساڵی داهاتوو دوابخرێت.

یه‌كێتی له‌ ١-٦-٢٠١٠ كۆنگره‌ی سێیه‌می خۆی به‌ست، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ده‌بێت هه‌ر سێ ساڵ جارێك كۆنگره‌ ببه‌ستێت.