کوردستان

02:59 - 10/08/2019

نێچیرڤان بارزانی نیگه‌رانییه‌كانى ده‌گه‌یه‌نێته‌ مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌ى‌

پەیسەر پرێس

نێچیرڤان بارزانی به‌رامبه‌ر هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ دانانی كاندیده‌كانی نزیك له‌خۆی، نیگه‌رانییه‌كانى ده‌گه‌یه‌نێته‌ مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ى، مه‌سرور بارزانیش پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانێت كاندیدى پۆسته‌كانى حكومه‌ت دیاریبكات، ناتوانێت سه‌ركه‌وتن یاخود شكستى كابینه‌كه‌ى له‌ ئه‌ستۆ بگرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، له‌ماوه‌ی رابردوودا و دوای ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ مه‌سرور بارزانی كاندیده‌كانی خۆى له‌هه‌موو پۆسته‌كان داده‌نێت و "ره‌چاوى رێككه‌وتنی پێشووی ناكات" ده‌رباره‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، په‌نای بۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ى رووده‌دات تاكڕه‌وییه‌.

مه‌كته‌بی سیاسیش په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانییان گه‌یاندووه‌ته‌ مه‌سرور بارزانی، له‌ به‌رامبه‌ردا مه‌سرور بارزانی گوتوویه‌تى، رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی ته‌نها له‌سه‌ر پۆسته‌ باڵاكان و وه‌زیره‌كان بووه‌، نه‌ك پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و بریكاری وه‌زیر و راوێژكار و پۆسته‌كانى دیكه‌، راشیگه‌یاندووه‌ ئه‌و پۆستانه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی حكومه‌تن و ئه‌و كاتانه‌شی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بووه‌، خۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستنیشانكردووه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بی سیاسی.

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها به‌ مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌ى گوتووه‌، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دانانی كاندیدی ئه‌و پۆستانه‌ی نه‌بێت، چۆن به‌رپرسیارێتی شكست و سه‌ركه‌وتنی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌ئه‌ستۆ بگرێت؟ سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ناكۆكییانه‌دا مه‌سعود بارزانی تائێستا بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، تائێستا پارتی ٢٠پۆستی له‌سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وه‌رگرتووه‌، ١٤ پۆستیان مه‌سرور كاندیده‌كانى داناون.