کوردستان

03:26 - 13/08/2019

وه‌زاره‌ته‌كانى پێشمه‌رگه‌و به‌رگرى عێراق له‌سه‌ر دووته‌وه‌ر كۆده‌بنه‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

دوای پشووه‌كانى جه‌ژن، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، له‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ر كۆده‌بنه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، بڕیاره‌ دوای جه‌ژن شاندى وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق كۆببنه‌وه‌، ته‌وه‌ری یه‌كه‌مى كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ جێگیركردنی هێزی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ و  وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌درێژایی هه‌زار و ٥٠كیلۆمه‌تر له‌ شه‌نگال-ه‌وه‌ بۆ خانه‌قین.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ته‌وه‌ری دووه‌م تایبه‌ت ده‌بێت به‌مووچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن بكرێت ئه‌وه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری مووچه‌ی هه‌شت مانگی پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ ده‌كات كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك ٦٨ ملیار دیناره‌.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێم، ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتن بكات به‌مه‌رجێك مافه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی تێدابێت.

له‌ یاساى بوودجه‌ى ساڵى ٢٠١٩ پشكى پێشمه‌رگه‌ دیاریكراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و ناوه‌ند نه‌كراوه‌، تا ئێستا ئه‌و بڕگه‌یه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌.