کوردستان

03:42 - 13/08/2019

هه‌وڵێكى نێچیرڤان بارزانی بۆ گۆڕینى شێخ جه‌عفه‌ر‌

پەیسەر پرێس

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌وڵیداوه‌ له‌بری شێخ جه‌عفه‌ر قوباد تاڵه‌بانی ببێته‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڵام شێخ جه‌عفه‌ر ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ له‌ كاندیدبووونى بكشێته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی له‌گفتوگۆدابووه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌بری جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، قوباد تاڵه‌بانی بكرێته‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌ برى قوباد تاڵه‌بانیش، عومه‌ر فه‌تاح بكرێته‌ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، قوباد تاڵه‌بانی پێشنیاره‌كه‌ی پێی خراپ نه‌بووه‌ به‌ڵام جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئاماده‌نه‌بووه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پاشه‌كشه‌بكات، بۆیه‌ هه‌وڵه‌كه‌ سه‌رینه‌گرتووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، تائێستا جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ده‌ستبه‌رداری پۆستی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ٧٠ی یه‌كێتی نه‌بووه‌، پۆسته‌كه‌ی راده‌ستی مسته‌فا چاوڕه‌ش نه‌كردووه‌ و چاوه‌ڕێی ده‌رچوونی مه‌رسوومی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی وه‌ك جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ستبه‌كاربێت، ئه‌وكات پۆسته‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی راده‌ستی كاندیدی جێگره‌وه‌ بكات.

تا ئێستا فه‌رمانى ده‌ستبه‌كاربوون بۆ جێگره‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌رنه‌چوون، یه‌كێتى به‌فه‌رمى جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فاى كاندیدكردووه‌و سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌و كاندیده‌ى پێگونجاو نییه‌و هه‌وڵى گۆڕینى ده‌دات.