کوردستان

07:04 - 12/12/2018

یەكێتی كاندیدی وەزیری دادی عێراق دەگۆڕێت‌

پەیسەر

یەكێتی كاندیدی وەزیری دادی عێراق دەگۆڕێت و پەیسەرپرێسیش، ناوی بەهێزترین كاندیدی ئەو حزبە ئاشكرا دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، لەكۆبونەوەی رۆژی 8/12/2018ی  مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیاریدراوە خالد شوانی كاندیدی وەزیری دادی عێراق بگۆڕێت، بۆ ئەمەش چەند كاندیدێكی تر پێشكەشی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن كە حاكم رزگار محمد ئەمین دیارترین كاندیدە و چانسی لە كاندیدەكانی تر بەهێزترە.

هەنگاوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆ گۆڕینی ناوی كاندیدەكەیان دوای قەبوڵنەبوونی خالید شوانی بوو لەلایەن عادل عەبدولمەهدییەوە، بەڵام ئەم هەنگاوەی یەكێتی سەڕەرای ئەوەی بووەتە هۆی نیگەرانبوونی خالید شوانی، رونیش نیە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە قەبوڵدەكرێت و ئەو وەزارەتە دەدرێتە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یاخود نا.
بەهۆی  ململانێكانی پارتی و یەكێتییەوە، نەتوانراوە كاندیدێك بۆ پۆستی وەزارەتی داد یەكلابكرێتەوە، پارتی كاندیدی بۆ ئەو وەزارەتە هەیە و لەبەرامبەریشدا یەكێتی خالید شوانی كاندیدكردبوو.
یەكێتی لەرێگەی پەیوەندییەكانیەوە هەوڵیدا خالید شوانی بۆ ئەو پۆستە لەلایەن عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ پێشكەشی پەرلەمان بكرێت و لەوێوە متمانەی پێ بدرێت، بەڵام بەهۆی فشارەكانی پارتیەوە لەسەر سەرۆكوەزیرانی عێراق، ناوی دارا نورەدین رەوانەی پەرلەمان كرا.