کوردستان

05:50 - 23/08/2019

زانیارییەكان لەبارەی بەخاوەنكردنی ئەو زەویانەن كە زیادەرەویان لەسەركراوە‌

پەیسەر

بڕیارە مانگی داهاتوو پرۆژەیاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەویانەن كە زیادەرەویان لەسەركراوە لەحكومەت پەسەند بكرێت، بەو هۆیەشەوە سەدان ملیار دینار دەچێتە خەزێنەی حكومەتی هەرێمەوە.

سەرچنار ئەحمەد ئەندامی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەشت و گوزار لەپەرلەمانی كوردستان بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: لیژنەكەیان سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی پرۆژەی بەخاوەنكردنی ئەو زەویانەن كە زیادەرەویان لەسەركراوە لەسنوری شارەوانیەكانی هەرێمی كوردستان.

گوتیشی: بڕیاربوو رۆژی دووشەممە لیژنەكەیان كۆببێتەوە و بڕیاری كۆتایی لەبارەی پرۆژەیاساكەوە بدەن، بەڵام پێدەچێت ئەو كۆبونەوەیە دوابكەوێت، چونكە نوسراومان كردووە بۆ هەردوو وەزارەتی شارەوانی و داد بۆ ئەوەی بێنە پەرلەمان و گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە بكرێت بۆیە پێدەچێت دوابكەوێت.

سەرچنار ئەحمەد راشیگەیاند: پێدەچێت سەرەتای مانگی داهاتوو لیژنەی شارەوانی دەنگ لەسەر ئەو پرۆژەیە بدات و دواتر بەراپۆرتێك ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەن هەروەها لیژنەی یاسایش بەراپۆرتێك بۆچوونی خۆی دەداتە سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەو كاتە سەرۆكایەتی پەرلەمان كاتێك دیاری دەكات بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەم  بۆ پرۆژەیاساكە بكرێت و دواتر دەنگدانی لەسەر بكرێت، دەشڵێت پێشبینی دەكات لەمانگی 9 یان مانگی 10 ئەو پرۆژەیە لەپەرلەمان پەسەند بكرێت.

سەرچنار ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد  ئەو پرۆژەیە 300 هەزار خانو دەگرێتەوە و ئەگەر هەر خانویەك بەتێكرا بە 3 ملیۆن دیناریش تاپۆ بكرێت ئەوە پارەكەی دەكاتە 900 ملیار دینار.

ئەو ئەندامەی لیژنەی شارەوانی راشیگەیاند: پێشنیارێك هەیە بۆ ئەوەی نیوەی پارەی تاپۆكردنەكە بۆ شارەوانی پەیوەندیدار بێت و بیكات بەپرۆژە، بەڵام تائێستا ئەوە پەسەند نەكراوە.
ساڵی 2018 حكومەتی هەرێم پرۆژەیەكی بەناوی بڕیاری بەخاوەنكردنی ئەو زەویانەی زیادەرویان لەسەركراوە لەسنوری شارەوانیەكان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد بەپێی پرۆژەكەی حكومەت بۆ ئەو كەسانەی سود مەند نەبوون لەناو پارێزگاكان هەر مەترێك زەوی بە 60 هەزار دینار و بۆناو قەزاكان بە 40 هەزار دینار و بۆناو ناحیەكان بە 30 هەزار دینار دیاریكراوە بۆ ئەو كەسانەشی سودمەندبوون زەویەكەی بەنرخی راستەقینە لەسەریان تاپۆ دەكرێت، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس ناكۆكی لەسەر بڕی پارەكە هەیە و پەرلەمان بەنیازە كەمی بكاتەوە.