کوردستان

01:49 - 24/08/2019

پەیسەرپرێس هۆكاری دواكەوتنی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

پەیسەرپرێس هۆكاری دواكەوتنی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد ئاشكرادەكات و سەرچاوەیەكی ئاگاداریش دەڵێت هەوڵ هەیە لەم هەفتەیەدا سەردانەكە ئەنجام بدرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانی پەیسەرپرێس، هەفتەی رابردوو بڕیاربووە وەفدی هەرێم سەردانی بەغداد بكات و هەموو ئامادەكاریەكیش بۆ ئەو مەبەستە كرابوو، تەنانەت بەرپرسانی باڵای هەرێم رایانگەیاند دوای جەژنی قوربان دەچنە بەغداد بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغداد، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاشتی هەورامی ئامادەنەبووە بگەڕێتەوە هەرێم و لەگەڵ وەفدەكە بچێتە بەغداد سەردانەكە دواخراوە.

زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئاشتی هەورامی ئاگاداری تەواوی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمە و داواشكراوە لەسەر مێزی دانوستانی هەرێم و بەغداد ئامادەبێت، چونكە بەغداد بەفەرمی داوای ژمارەیەك زانیاری دەربارەی گرێبەستە نەوتیەكانی كوردستان كردووە بۆیە حكومەتی هەرێم داوایكردووە ئاشتی هەورامی بگەڕێتەوە هەرێم و لەگەڵ وەفدی كوردستان بچێتە بەغداد چونكە ئەو تاكە كەسە كە تەواوی زانیاریەكانی دەربارەی گرێبەستە نەوتیەكانی و هەناردە و داهاتی نەوتی هەرێم لەبەردەستدایە.

لەبارەی وەڵامی ئاشتی هەورامی سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی بۆ پەیسەر ئاشكرا كرد، كە  ئاشتی هەورامی لەرێگەی نێچیرڤان بارزانیەوە، وەڵامی داواكاریەكەی حكومەتی داوەتەوە كە ئەو بە رادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ رازی نیە و پشتیوانی ناكات و ناشگەڕێتەوە و ناچێتە بەغداد بۆیە سەردانەكە دواخراوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، لە بنەرەتدا كێشەكە پەیوەندی بەتێروانینی سەرۆكی پێشووی حكومەت و سەرۆكی ئێستای حكومەت بۆ دۆسیەی نەوتەوە هەیە، بەجۆرێك نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی هێشتنەوەی ئابوری سەربەخۆ و مەسرور بارزانی پشتیوانی رێككەوتن لەگەڵ بەغداد دەكات.

لەبارەی كاتی سەردانەكە و چۆنێتی چارەسەری ئەو گرفتەی بەردەمی، سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، پێدەچێت لەم هەفتەیەدا ئاشتی هەورامی بگەڕێتەوە یان نا سەردانەكە بۆ بەغداد ئەنجام بدرێت.