کوردستان

03:35 - 05/09/2019

بۆ تۆماركردنى سكاڵا په‌رله‌مان چاوه‌ڕێی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كات‌

پەیسەر پرێس


هه‌مواری یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی عێراق، زیان به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، په‌رله‌مانتارێكى هه‌رێم ده‌ڵێت، چاوڕێی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ئەوە پارێزه‌ر رەوانەی بەغدا بکەن بۆ سکاڵا تۆمارکردن.

زیاد جه‌بار ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای (ئیداره‌ی مالی) عێراق، زیان به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت، به‌جۆرێك چه‌ند بڕگه‌یه‌كیان هه‌مواركردووه‌ته‌وه‌، به‌پێی هه‌مواره‌كه‌ش ده‌بێت ساڵانه‌ له‌ناو بوودجه‌ی عێراق بوودجه‌ی هه‌رێم جێگیربكرێت، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانى عێراق بوودجه‌ی كوردستانیش په‌سه‌ند ده‌كات، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش خۆی چاودێری جێبه‌جێكردنی بوودجه‌ی هه‌رێم ده‌كەن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌شڵێت، ئه‌وان چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كردووه‌ و نوسراویان كردووه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، بۆئه‌وه‌ی پارێزه‌ری شاره‌زا بنێرنه‌ به‌غداد و له‌دادگای فیدراڵی سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ تۆماربكه‌ن، كه‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌ستوری نییه‌ چونكه‌ له‌ده‌ستوردا ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم دیاریكراوه‌، ده‌شڵێت چاوه‌رێی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر ناردنی ئه‌و پارێزه‌رانه‌ بدات.

به‌گوته‌ى زیاد جه‌بار، ئه‌و یاسایه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتووه‌وه‌، ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ هه‌رێم ده‌توانێت سكاڵاتۆمار بكات."ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌دایه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم كه‌م بكرێته‌وه‌".
 
رۆژی ٢٣ی ئایاری ئه‌مساڵ، په‌رله‌مانی عێراق ژماره‌یه‌ك بڕگه‌ی له‌یاسای ئیداره‌ی مالی هه‌مواركرده‌وه‌، به‌پێی یاساكه‌ش ده‌بێت وه‌زاره‌تی دارایی له‌بری په‌رله‌مانی كوردستان، ساڵانه‌ پرۆژه‌یاسای بوودجه‌ی هەرێم بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماده‌بكات.