کوردستان

04:02 - 05/09/2019

په‌رله‌مانتارێكى پارتى: ئه‌م مانگه‌ هه‌رێم و به‌غداد رێكده‌كه‌ون‌

پەیسەر پرێس


ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌فراكسیۆنی پارتى رایده‌گه‌یه‌نێت، پێش مانگی داهاتوو هه‌رێم و به‌غداد رێكده‌كه‌ون، ده‌شڵێت هه‌رێم ئاماده‌یه‌ هه‌موو نه‌وته‌كه‌ی نه‌ك هه‌ر ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل راده‌ستی به‌غداد بكات.

نه‌هرۆ ره‌واندزی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌فراكسیۆنی پارتی به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، هه‌رێم و به‌غداد له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و بوودجه‌ و كێشه‌كانی نێوانیان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن، پێش مانگی ١٠ رێكده‌كه‌ون.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتیشی، هه‌رێم نه‌ك هه‌ر ئاماده‌یه‌ ٢٥٠هه‌زار به‌رمیل، به‌ڵكو ئاماده‌یه‌ هه‌موو نه‌وته‌كه‌ی راده‌ست بكات، به‌مه‌رجێك به‌غداد قه‌رزه‌كانی هه‌رێم بگرێته‌ ئه‌ستۆ و پاره‌ی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان بدات.

به‌گوته‌ى ره‌واندزی، كابینه‌ی حه‌یده‌رعه‌بادی ٤٠ ملیار دۆلاری بۆ شه‌ڕی داعش له‌بانكی ناوه‌ندی راكێشاوه‌، به‌غداد ١٠٠ ملیار دۆلار قه‌رزداره‌، هه‌رێمیش شه‌ڕی دژی داعش-ی كردووه‌، بۆیه‌ مافی خۆیه‌تی قه‌رزه‌كانی هه‌رێم بخرێته‌ سه‌ربه‌غداد، هه‌روه‌ها هه‌رێم سەدا ١٢ یاخود زیاتر له‌و قه‌رزانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ به‌غداد وەریاندەگرێت.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى پارتى ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، به‌م نزیكانه‌ شاندى هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غداد و هه‌موو هه‌وڵێكیشیان بۆئه‌وه‌یه‌، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پارێزراوبێت، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ هه‌رێم و به‌غداد له‌یه‌كه‌وه‌ دوورن راست نییه‌.

هه‌ولێرو به‌غدا، تا ئێستا له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ رێكنه‌كه‌وتوون، له‌كاتێكدا بڕیاره‌ مانگى داهاتوو بوودجه‌ له‌ حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكرێت.