کوردستان

01:32 - 06/09/2019

هەوڵێكی ئاشتەوایی لەناو یەكێتی رادەگەیەنرێت‌

پەیسەر پرێس

هەوڵێكی ئاشتەوایی لەناو یەكێتی نیشتمانی رادەگەیەنرێت، ئەوەش بۆ ئاشتكردنەوەی ئەو سەركردانەی حیزبەكە، كە لەیەك زویربوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، هەوڵەكە لەلایەن چەند سەركردەیەكی یەكێتی دەستپێكراوە، ئەوەش لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانی ئەو حیزبە بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەم.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هەوڵەكە لەپێناوی ئەوەیە، كە سەركردە زویرەكانی یەكێتی لەگەڵ یەكتری ئاشتبكرێنەوە، بۆ ئەوەی ناكۆكییەكانیان كاریگەری لەسەر ئەنجامی كۆنگرە نەبێت‌و كۆنگرەیەكی ئارام بەرێوەبچێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەكۆتایی ئەمساڵ، كە بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكان لەماوەی رابردوو چەندین سەركردەیەی یەكێتی لەیەكتری زویر بوون.

دیارترین ئەو سەركردانەی یەكێتی لەیەكتری زویرن، بەرهەم ساڵح‌و مەلا بەختیارە، كە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كێشەكانیان گەیشتە لوتكە، هەروەها مەلا بەختیارو لاهور شێخ جەنگی، ئەمە جگە لەناكۆكی نێوان شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ‌و چەند سەركردەیەكی تر.