کوردستان

10:34 - 07/09/2019

به‌رپرسێكى یه‌كێتى داواده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مه‌لابه‌ختیار بكرێت‌

پەیسەر پرێس

لاهور شێخ جه‌نگى، داواى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌مه‌لا به‌ختیار كارگێڕى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر چه‌ند دۆسیەیه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، لاهور شێخ جه‌نگى، كه‌ ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتی-یه‌و به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سیاسى‌ و سه‌ركردایه‌تى ده‌كات، له‌كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى شه‌ممه‌ داواى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مه‌لا به‌ختیار بكه‌ن.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، لاهور شێخ جه‌نگى داواشى كردووه‌، له‌سه‌ر چه‌ند دۆسیەیه‌كى تایبه‌تى ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌مه‌لا به‌ختیار بكرێت، به‌تایبه‌تى پرسى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان. لاهور شێخ جه‌نگى جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كى له‌به‌رده‌سته‌و ئاماده‌شه‌ له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌كان، بیخاته‌ به‌رده‌ستى لیژنه‌كه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، داواى ئه‌وه‌ش كراوه‌، ئه‌و لیژنه‌ سێ كه‌سییه‌ى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سیروان كوێخا نه‌جم ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى پێكهێنراوه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار بكه‌ن.

چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا، به‌ فه‌رمانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى، سیروان كوێخا نه‌جم به‌هۆى چه‌ند تۆمه‌تێك ده‌ستبه‌سه‌ركراو لیژنه‌یه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كات.

داواكارییه‌كه‌ى لاهور شێخ جه‌نگیش له‌كاتێكدایه‌، ماوه‌یه‌كى زۆره‌ مه‌لا به‌ختیار له‌سیاسه‌ته‌كانى حیزبه‌كه‌ى نیگه‌رانه‌و له‌زۆرێك له‌كۆبوونه‌وه‌و ده‌ركه‌وتنه‌كانى ره‌خنه‌ى توند له‌به‌رپرسنى حیزبه‌كه‌ى ده‌گرێت.