کوردستان

05:30 - 08/09/2019

بۆچى كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێنج ئه‌ندامى بۆ سه‌ركردایه‌تى زیادكرد؟‌

پەیسەر پرێس


بڕیاره‌كه‌ی جێگری یه‌كه‌مى سكرتێری گشتی یه‌كێتی، به‌ دیاریكردنی پێنج ئه‌ندامی نوێی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، كاردانه‌وه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح و مه‌لابه‌ختیاره‌ به‌ ده‌ستپێشخه‌رى بافڵ تاڵه‌بانى.

به‌پێی نوسراوى ژماره‌ ٩٨٢ی به‌رواری ٨-٩-٢٠١٩ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یەکەمی سكرتێری گشتی یه‌كێتی، پێنج كادیرى یه‌كێتى پله‌كانیان بۆ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌رزكراوه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ په‌یسه‌رپرێس-ى راگه‌یاند، له‌كاتێكدا كه‌ رۆژی كۆنگره‌ دیاریكراوه‌ و له‌كۆنگره‌دا ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ده‌بنه‌وه‌ ئه‌ندامی ئاسایی كۆنگره‌ و هیچ پۆستێك نامێنێت، نازاندرێت بۆچی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی بۆ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی زیادكردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ته‌نها لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی بۆده‌كرێت كه‌ كاردانه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مه‌لابه‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووه‌مى سكرتێری یه‌كێتی-بێت، كه‌ رۆژی هه‌ینی به‌نێوه‌ندگیری بافڵ تاڵه‌بانی به‌بێ ئاگاداری كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ده‌باشان كۆبوونه‌وه‌.

رۆژى هه‌ینى رابردوو، مه‌لا به‌ختیار و به‌رهه‌م ساڵح له‌ داباشان كۆبوونه‌وه‌و به‌ ده‌ستپێشخه‌رى بافڵ تاڵه‌بانى له‌ ماڵى مام جه‌لال ئاشتبوونه‌وه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئاگادارى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ نه‌بوو.