کوردستان

08:16 - 08/09/2019

یه‌كێتى په‌یامێكى نیگه‌رانیى بۆ پارتى ده‌نێرێت‌

پەیسەر پرێس

یه‌كێتى نیشتیمانى کوردستان، له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكى ئاڕاسته‌ى پارتى دیموكراتی کوردستان كردووه‌و نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادارى مه‌كته‌بى سیاسى یەکێتی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، له‌دواى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو، باسى كه‌مكردنه‌وه‌و دیارینه‌كردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى قوباد تاڵه‌بانى كراوه‌، كه‌ له‌پشكى ئه‌و حیزبه‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى وه‌رگرتووه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى نیگه‌رانى خۆیان ده‌ربڕیوه‌و ئه‌و نیگه‌رانییه‌شیان كردووه‌ته‌ په‌یامێك‌و ئاڕاسته‌ى مه‌كته‌بى سیاسى پارتی-یان كردووه‌و داواى روونكردنه‌وه‌یان له‌و باره‌وه‌ كردووه‌.

ماوه‌ى رابردوو، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌كانی لابردن و ئاڵوگۆری پۆست‌ و دابه‌شكردنی زه‌وی‌ و خانه‌نشینكردنی له‌سنووری ئیداره‌ی سلێمانی له‌قوباد تاڵه‌بانى سه‌نده‌وه‌.

په‌یسه‌رپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه‌، كه‌ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌په‌یامه‌كه‌ داواى ئه‌وه‌ى كردووه‌، كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌ماى "شه‌راكه‌تى راسته‌قینه‌" به‌شدارى حكومه‌تیان كردووه‌.