کوردستان

02:12 - 09/09/2019

ناكۆكی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی سلێمانی ده‌وه‌ستێنێت‌

پەیسەر پرێس


به‌هۆی ناكۆكی سه‌رۆكی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و جێگره‌كه‌یه‌وه‌، ده‌ستپێكردنى كار له‌ پرۆژه‌ى شه‌قامى ١٠٠ مه‌تریى سلێمانى ده‌وه‌ستێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، به‌هۆی ناكۆكی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی جێگریه‌وه‌، ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠مه‌تری سلێمانی وه‌ستاوه‌، پێشتر پرۆژه‌كه‌ له‌سێ كۆمپانیای توركی وه‌رگیرایه‌وه‌ و درا به‌كۆمپانیای قه‌یوان، بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی قه‌رز ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنی بكات.

بڕیاربوو وه‌زاره‌تی شاره‌وانی فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوون بۆ كۆمپانیاى قه‌یوان ده‌ربكات، دواتر جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ربكات، به‌ڵام به‌هۆی سنورداركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌، له‌ئێستادا جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ چاوه‌ڕێی واژۆی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، راسته‌ كۆمپانیای قه‌یوان ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ به‌بێ وه‌رگرتنی هیچ پاره‌یه‌ك له‌حكومه‌ت ١٠٠ملیار دینار له‌و پرۆژه‌یه‌ خه‌رج بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ قه‌رزه‌ و ده‌بێت دواتر حكومه‌ت بیداته‌وه‌ بۆیه‌ پێویستی به‌ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكی حكومه‌ت یان جێگره‌كه‌ی هه‌یه‌.

قوباد تاڵه‌بانى له‌م كابینه‌یه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكى حكومه‌ته‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى سنورداركراوه‌، به‌ جۆرێك ده‌سه‌ڵاته‌كانى خه‌رجكردنى پاره‌، لابردن و ئاڵوگۆڕی پۆست، دابه‌شكردنی زه‌وی و خانه‌نشینكردنی له‌سنوری ئیداره‌ی پێشووی سلێمانی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌.