کوردستان

08:45 - 15/09/2019

رۆژى سه‌ردانى شاندى هه‌رێم بۆ به‌غدا دیاریكرا‌

پەیسەر پرێس

بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ شاندێكى حكومه‌ت، له‌هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانی به‌غداد بكات، شانده‌كه‌ كارنامه‌یه‌كی دووخاڵیان ده‌رباره‌ی نه‌وت و بودجه‌ پێیه‌ په‌یسه‌رپرێس ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ردانیان بۆ به‌غداد، ده‌رباره‌ی پرسی بوودجه‌ و نه‌وت كارنامه‌یه‌كی دووخاڵییان پێیه‌، خاڵی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌غداد هه‌موو قه‌رزه‌كانی هه‌رێم بداته‌وه‌ و ساڵانه‌ش سه‌دا ١٧ی بوودجه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت، ئه‌وه‌ هه‌رێم هه‌موو نه‌وته‌كه‌ی راده‌ست ده‌كات.

به‌پێى مه‌رجه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌دا ده‌یخه‌نه‌ڕوو، ئه‌گه‌ر به‌غداد سه‌دا١٧ی بوودجه‌ بنێرێت، به‌ڵام قه‌رزه‌كانی هه‌رێم نه‌داته‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌رێم ئاماده‌یه‌ ٢٥٠ هه‌زاربه‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ راده‌ستی كۆمپانیای به‌ بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق سۆمۆ بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رێم نه‌وت راده‌ست ناكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت به‌غداد پێشتر ئه‌و مه‌رجانه‌ی هه‌رێمی ره‌تكردووەته‌وه‌ بۆیه‌ هه‌رێم و به‌غداد له‌یه‌ك نزیك نین. به‌پێى زانیارییه‌كان، ئه‌گه‌رچی سه‌ردانی ئه‌و شانده‌ به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی هه‌ورامیه‌وه‌ دواخراوه‌، به‌ڵام ئاشتی هه‌ورامی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كان ناكات.