کوردستان

06:10 - 16/09/2019

پارتی له‌سه‌ردانه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی نیگه‌رانه‌‌

پەیسەر پرێس


پارتی له‌سه‌ردانه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ به‌غداد نیگه‌رانه‌، پێی وایه‌ سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانى تاڵه‌بانى ده‌ستوه‌ردانه‌ له‌كاروباری حكومه‌ت.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ردانی ئه‌م دواییانه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی كوڕه‌گه‌وره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ به‌غداد نیگه‌رانه‌، پێی وایه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد و گفتوگۆكردن له‌باره‌یانه‌وه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ نه‌ك حزب.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ به‌غداد، گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنێتی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد، به‌تایبه‌تیش نه‌وت و بوودجه‌ و پرسی ناوچه‌جێناكۆكه‌كان و پێشمه‌رگه‌ كراوه‌، په‌یامێكی حكومه‌تی عێراقیش هه‌یه‌، كه‌ یه‌كێتی ئاگاداریه‌تی و بڕیاره‌ له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ سه‌ردانی هه‌ولێر بكات و چه‌ند رۆژێك له‌هه‌ولێر بمێنێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم نیه‌تی به‌غداد تاوتوێ بكات.

چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا بافڵ تاڵه‌بانی سه‌ردانی به‌غدادی كرد و دوێنێش له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌.