کوردستان

07:04 - 16/09/2019

بۆچی ئێران به‌ درووستكردنى مه‌رجه‌عیه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان رازی نیيه‌؟‌

پەیسەر پرێس

ئێران، به‌دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێك بۆ پارته‌ سیاسیه‌كانى باشورى كوردستان رازی نییه‌،  پێی وایه‌ ده‌بێته‌ كێبركێكاری مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینیی شیعه‌كان.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا چه‌ند به‌رپرسێكی ئێرانی په‌یامی خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی هه‌رێم، كه‌ به‌دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێك بۆ پارته‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان، رازی نین و مامه‌ڵه‌شی له‌گه‌ڵ ناكه‌ن و ئه‌وه‌ بۆچوونی حكومه‌تی عێراقیشه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ئێران و عێراق پێیان وایه‌، هه‌رێم دامه‌زراوه‌ی ده‌ستوری ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ كه‌بتوانێت به‌بێ دروستبوونی بۆشایی هه‌رێم به‌رێوه‌به‌رێت و دروستكردنی مه‌رجه‌عیه‌تیشیان، به‌ پلانی ده‌ره‌كی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆڵی مه‌رجه‌عیه‌تی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان وه‌سفیان كردووه‌، ئێران راشیانگه‌یاندووه‌، عێراق مه‌رجه‌عیه‌تی خۆی هه‌یه‌ كه‌ سیستانیه‌، له‌كاتی پێویستدا به‌ده‌نگ كورد و سوننه‌ و پێكهاته‌كانی تریشه‌وه‌ چووه‌، بۆیه‌ دروستكردنی مه‌رجه‌عی نوێ پێویست نیه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، بۆچوونێك له‌ناو یه‌كێتی هه‌یه‌ پێی باشه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ دروست بكرێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌كاره‌كانی حزب دووربخرێته‌وه‌ و بچێته‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وه‌، ببێته‌ به‌شێك له‌دروستكردنی مه‌رجه‌ع بۆ هه‌رێم، به‌ڵام ماڵی تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ به‌زیان بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ده‌زانن.

بیرۆكه‌ى دروستكردنى ئه‌نجومه‌نێك بۆ پارته‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌گه‌رچى له‌پشتى په‌رده‌وه‌ كارى بۆده‌كرێت، به‌ڵام بیرۆكه‌ى پارتى-یه‌، ئه‌و حزبه‌ بۆچوونى فه‌رمى سه‌باره‌ت به‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بۆ راى گشتى باسنه‌كردووه‌.