کوردستان

05:48 - 25/09/2019

رێواس فایەق داواكاریەكی بافڵ تاڵەبانی رەتدەكاتەوە‌

پەیسەر

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داواكاریەكی بافڵ تاڵەبانی لەساڵیادی ریفراندۆمدا رەتدەكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، شەوی رابردوو بافڵ تاڵەبانی داوای لەرێواس فایەق كردووە وتار لەساڵیادی ریفراندۆم پێشكەش نەكات و لەبری ئەوە فراكسیۆنەكان ئازادبن هەر فراكسیۆنێك بەجیا بەیاننامە دەربكات یان كۆنگرەی رۆژنامەوانی ببەستێت وتێیدا باسی ریفراندۆم بكات.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاندووە ئەگەر كۆبونەوەكەی پەرلەمانیش دواناخرێت ئەوە با بەرنامەی كارەكەی تایبەت بێت بەهەمواری پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان وەك لەكارنامەكەدا هاتووە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، سەرۆكی پەرلەمان پەیوەندی بەكۆسرەت رەسوڵەوە كردووە و داواكاریەكەی بافڵ تاڵەبانی پێ گەیاندووە، بەڵام جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بەپێچەوانەی تاڵەبانیەوە داوای لێكردووە وتارەكەی پێشكەش بكات، بەڵام وتارێكی هاوسەنگ بێت و لایەنداری تێدانەبێت.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە بافڵ تاڵەبانی پێی وابووە پارتی ریفراندۆمی كردۆتە دەستكەوتێكی حزبی و هەر پێداهەڵدانێكی ئەو روداوە دەچێتە خزمەتی سیاسەتی پارتیەوە.