کوردستان

05:58 - 25/09/2019

زانیارییەكان لەبارەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی‌

پەیسەر

جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی داناخرێت بەڵكو خزمەتگوزاریەكانی دەگۆردرێت.

دكتۆر هێرش سەیدكەریم جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی داناخرێت بەڵكو جۆری خزمەتگوزاریەكانی گۆڕانكاری بەسەردادێت.

دەشڵێت، بەوپێیەی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شار كراوەتەوە ئەركی فریاكەوتنی خوارەوە وەك جاران نەماوە و هەندێك جۆری خزمەتگوزاریش هەیە بەهۆی نەبوونی دكتۆری پێویست ناتواندرێت لەدوو شوێنی شاری سلێمانی ئەو خزمەتگوزاریانە پێشكەش بكرێن.

جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، زۆربەی تایبەتمەندییە وردەكان لەنەخۆشخانەی شارن، پێشتریش چەند خزمەتگوزاریەك براوون بۆ نەخۆشخانەی شار، دەشڵێت هەندێك نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ناو بازار دەمێنێتەوە هەروەها نەشتەرگەری بە هەناوبین لەنەخۆشخانەی فریاكەوتنی خوارەوە ئەنجام دەدرێن جا پەلەبێت یان نا.

دكتۆر هێرش دەڵێت دووجۆرە دۆخی لەناكاو هەیە جۆرێكیان فریاكەوتنی هەناوی و پێویستی بە فریاكەوتنی بەپەلە هەیە وئەمانە لەنەخۆشخانەكۆنەكەی ناو بازار دەبن و جۆری دووەم فریاكەوتن بۆ بەركەوتنی ئۆتۆمبێل یان فیشەك یان كەوتنەخوارەوە و شكاوی ئەمانە لەبەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شار چارەسەر دەكرێن.