کوردستان

05:35 - 01/10/2019

رێككه‌وتنی باڵه‌كانی یه‌كێتی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس


جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت داوا له‌مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌كات له‌پۆسته‌كه‌ی بیبه‌خشن، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر قوباد تاڵه‌بانی ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، رێككه‌وتنی باڵه‌كان بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریيانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، قوباد تاڵه‌بانی به‌هۆی به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، داوای له‌مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كردووه‌ له‌پۆسته‌كه‌ی بیبه‌خشن و كه‌سێكی تر له‌شوێنی دابنێن، به‌ڵام مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوایانكردووه‌ په‌له‌نه‌كات، بۆئه‌وه‌ی ئه‌وپرسه‌ له‌گه‌ڵ پارتی یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر قوباد تاڵه‌بانی ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، ئه‌وه‌ رێككه‌وتنی باڵه‌كانی یه‌كێتی بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ كاندیدی به‌هێز بۆ جێگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ-ه‌، ناشكرێت باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌یه‌ك كاتدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیان هه‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌كاندیدی به‌هێز بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌باڵی ماڵی تاڵه‌بانی، سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت پێده‌چێت قوباد تاڵه‌بانی بێت، چونكه‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی نابێت، به‌وپێیه‌ی ئه‌و پۆسته‌ی ئێستا بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌ریگرتووه‌ پۆستی وه‌زیری كشتوكاڵه‌ و ئه‌و پۆسته‌ درابوو به‌ په‌روین بابه‌كر حه‌مه‌ئاغا و ماڵی تاڵه‌بانی له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پشتیوانی ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی هیچ پۆستێك وه‌ربگرێت، به‌هۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ماڵی تاڵه‌بانی تێكچووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كاندیده‌كان، دوای ئه‌وه‌ی بێگه‌رد تاڵه‌بانی بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ ماڵی تاڵه‌بانی پشتیوانی ناكه‌ن بۆ هیچ پۆستێك، هه‌ستاوه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ جێبهێڵێت، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح داوایلێكردووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و هه‌رئه‌ویش داوای له‌په‌روین بابه‌كر كردووه‌، ده‌ستبه‌رداری كاندیدبوونى ببێت و ئه‌ویش داواكارییه‌كه‌ی قبوڵكردووه‌. له‌ئه‌گه‌رى كشانه‌وه‌ى قوباد تاڵه‌بانى، دابه‌شكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان سه‌رله‌نوێ له‌نێوان باڵه‌كان ئاسان نابێت.