کوردستان

10:48 - 02/10/2019

یەكێتی تاوتوێی كشانەوەی لەسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم دەكات‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتمانی  نیشتیمانی كوردستان، تاوتوێی كشانەوەی لەسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەكانی ئەو حیزبە لەپارتی دیموكراتی كوردستان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی دراوە بەپەیسەرپرێس، دوو رۆژە دەست بەكۆبوونەوەو گفتوگۆ لەنێوان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و تیمی یەكێتی لەسەرۆكایەتییەكانی هەرێم كراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان گفتوگۆكان بۆ پرسی كشانەوەیە لەسەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەقسەی سەرچاوەكە تائێستا لەو بارەوە نەگەیشتوون بەهیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوە.

نیگەرانییەكانی یەكێتی لەپارتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە تائێستا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەپشكی پارتی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەپشكی یەكێتی دیارنەكردووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، مەسرور بارزانی سوورە لەسەر ئەوەی دەسەڵات بۆ جێگرەكەی دیارینەكات، كە ئەوە نیگەرانییەكانی یەكێتی زیاتر كردووە، بۆیە تاوتوێی كشانەوە لەحكومەت دەكات.

یەكێتی لەسەرۆكایەتی پەرلەمان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و لەسەرۆكایەتی هەرێم پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و لەحكومەتیش جگە لەپۆستی جێگری سەرۆك وەزیران پۆستی چەند وەزارەتێكی هەیە.

ئەو سەرچاوەیەی پەیسەرپرێس باسی لەوەش كرد، ئەگەر یەكێتی هەڵوێستی كشانەوە وەربگرێت، ئەوە بەدڵنیایی لەهەموو سەرۆكایەتییەكان دەكشێتەوە.