کوردستان

10:32 - 03/10/2019

زانیاری لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی‌

پەیسەر پرێس

تائێستا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و قوباد تاڵەبانی جێگری لەسەر دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت نەگەیشتوون بەرێككەوتن‌و ئەوەی تائێستا باسكراوە تەنیا بەڵێنی زارەكییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ئەنجوومەنی وەزیران دراوە بەپەیسەرپرێس، گفتوگۆی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و قوباد تاڵەبانی جێگری، نەگەیشتووە بەئەنجامی كۆتایی لەبارەی دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆك وەزیران.

هەر بەپێی زانیارییەكان، سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی لەكۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی چەند گفتوگۆیەكیان كردووەو مەسرور بارزانیش چەند بەڵێنێكی داوە بەقوباد تاڵەبانی لەبارەی دەسەڵاتەكانی، بەڵام لەو بارەوە رێككەوتن نەكراوە.

ماوەیەكە دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت كێشەی لەئەنجوومەنی وەزیران دروست كردووە، كە ئەو كێشانە گەیشتە ئەو ئاستەی قوباد تاڵەبانی‌و تیمی یەكێتی نیشتمانی لەحكومەت بیر لەكشانەوە بكەن.

سەرچاوەكە باسی لەوەشكرد، بەڵێنەكانی مەسرور بارزانی بۆ قوباد تاڵەبانی بۆ ئەوەیە بیرۆكەی كشانەوە لەحكومەت وەلا بنێن‌و دەست بەگفتوگۆی چڕتر بۆ چارەسەری كێشەكان بكەن.

هەروەها سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، كە مەسرور بارزانی نایه‌وێت یەكێتی لەحكومەت بكشێته‌وه‌، بۆیە دەیەوێت بەزوویی كێشەكان لەبارەی دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت دیاری بكات.