کوردستان

04:46 - 03/10/2019

مه‌سرور بارزانی وه‌ڵامى نیگه‌رانییه‌كانى ڤالا فه‌ریدى داوه‌ته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

ڤالا فه‌رید وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان، نیگه‌رانه‌و ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ى گرتووه‌ كه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت پشتگوێى خستووه‌و ته‌نانه‌ت نوسینگه‌یه‌گى نییه‌ ده‌وامى لێبكات.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ڤالا فه‌رید سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مان كه‌ پۆستی وه‌زیری هه‌رێمی له‌م كابینه‌یه‌ پێدراوه‌، ره‌خنه‌ی له‌وه‌گرتووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ پشتگوێخراوه‌، ته‌نانه‌ت تائێستا ئۆفیسێكی نیه‌ لێی ده‌وام بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ڤالا فه‌رید تاكه‌ وه‌زیرى نزیكى نێچیرڤان بارزانییه‌و نیگه‌رانییه‌كانى خۆى گه‌یاندووه‌، به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ مه‌سرور رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر ڤالافه‌رید له‌كاره‌كه‌ى نیگه‌رانه‌ ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ رۆژی ١٠ی ته‌مووز له‌نجه‌ دزه‌یی كاندیدی ژماره‌ ٢٦ له‌لیستی پارتی، له‌شوێنی ڤالا فه‌رید بووه‌ په‌رله‌مانتار.

ڤالا فه‌رید له‌دایك بوی ساڵی ١٩٧٦ی هه‌ولێره‌، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌ له‌یاسا، پێشتر مامۆستای كۆلێژی یاسای زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین بووه‌.

به‌هۆی ململانێی ناوخۆی پارتی-یه‌وه‌، تائێستا پۆستی وه‌زیری سامانه‌سروشتییه‌كان له‌كابینه‌ی نۆیه‌م پڕنه‌كراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها پارتی نزیكه‌ی ٦٠پۆستی له‌م كابینه‌یه‌ به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام تائێستا زۆرینەی زۆری كاندیده‌كانی یه‌كلایی نه‌كردوونەته‌وه‌.