کوردستان

06:08 - 08/10/2019

یەكێتى و پارتى به‌یه‌ك لیست به‌شداى هه‌ڵبژاردنى سه‌ندیكاى پارێزه‌ران ده‌كه‌ن‌

پەیسەر پرێس

یەكێتى و پارتى به‌ لیستێكى هاوبه‌ش، به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى كۆنگره‌ى سه‌ندیكاى پارێزه‌رانى كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ناوى لیستى(برایه‌تى پارێزه‌ران)، كه‌ بڕیاره‌ رۆژى 17ى ئه‌م مانگه‌، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

هه‌ڵبژاردنى كۆنگره‌ى سه‌ندیكاى پارێزه‌ران پێشتر چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن سه‌ندیكاوه‌ دواخراو نیگه‌رانى پارێزه‌رانى لێكه‌وته‌وه‌، یه‌كێتى لیستێكى به‌ناوى لیستى(شكۆى پارێزه‌ر) ئاماده‌كردبوو، پارتیش لیسته‌كه‌ى به‌ناوى(پارێزه‌رانى كوردستان) ئاماده‌كردبوو، رۆژى حه‌وتى ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكا بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ هه‌ردوو لیستى شكۆى پارێزه‌ر و پارێزه‌رانى كوردستان یه‌كیان گرتووه‌و به‌ناوى (برایه‌تیى پارێزه‌ران) به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌پێى راگه‌یه‌ندراوى سه‌ندیكا ئه‌و یه‌كگرتنه‌ له‌سه‌ر داواى هه‌ردوو لیسته‌كه‌ بووه‌.

هه‌ردوو لیسته‌كه‌ له‌هه‌ر چوار پارێزگاى، کەرکوک، هەولێر، سلێمانى و دهۆک، یه‌كیان گرتووه‌. دوو رۆژ پێش ئه‌و بڕیاره‌ حاكم قادر به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى یه‌كێتى له‌ په‌یجى خۆى بڵاویكردوه‌، كه‌ له‌هۆڵى كۆبوونه‌وه‌كانى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى به‌ ئاماده‌بوونی شاڵاو كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ولێرى یه‌كێتى، له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانى لیستى (شكۆى پارێزه‌ر) كۆبووه‌ته‌وه‌.

سه‌ندیكاى پارێزه‌ران هه‌روه‌ها بڕیاریداوه‌، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ لیستى نیمچه‌ كراوه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ لیستى داخراو، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى به‌شێك له‌ پارێزه‌رانى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى له‌ لیستى داخراودا ناتوانن نوێنه‌رى خۆیان هه‌ڵبژێرن و ته‌نها ده‌توانن ده‌نگ به‌و لیستانه‌ بده‌ن، كه‌ حزبه‌كان له‌ژێر ناوى جیاجیا درووستیان كردووه‌. 

به‌پێى مادده‌ى 45 لەیاسای كاری پارێزه‌رێتى، سه‌ندیكاى پارێزه‌ران رێكخراوێكى پیشه‌یى سه‌ربه‌خۆیه‌. ئه‌گه‌رچى رێگه‌ به‌ لیستى حزبى نادرێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌ندیكا به‌ناوى حزب به‌شداربن، به‌ڵام حزبه‌كان له‌ژێر ناوى جیاجیا لیست بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌ندیكاكه‌ دروستده‌كه‌ن.