کوردستان

08:21 - 08/10/2019

قوباد تاڵه‌بانى ده‌سه‌ڵاته‌كانى بۆ گه‌ڕایه‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ده‌سه‌ڵاته‌كانى بۆ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ دراوه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس، مه‌سرور بارزانى ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌كانى بۆ قوباد تاڵه‌بانى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دواى زنجیره‌یه‌ك گفتوگۆ له‌و باره‌وه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى دراوەتەوە بە قوباد تاڵه‌بانى، هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یه‌، كه‌ له‌سه‌رده‌مى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى پێشووى حكومه‌ت بۆ جێگره‌كه‌ى دانرابوو.

په‌یسه‌رپرێس ئه‌وه‌شى زانیوه‌، جگه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌، مه‌سرور بارزانى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى به‌ قوباد تاڵه‌بانى داوه‌، كه‌ راسته‌وخۆ وه‌ك جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت نووسراو ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بكات.

له‌گرنگترین ده‌سه‌ڵاته‌كانى ترى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، ده‌سه‌ڵاتى خه‌رجكردنى پاره‌ بۆ پرۆژه‌كان‌و دامه‌زراندنى كارمه‌ند به‌شێوه‌ى گرێبه‌ست‌و دابه‌شكردنى زه‌وى‌و چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكى تر.

قوباد تاڵەبانی پێشتر نیگەرانبوو لەوەی لەكابینەی نوێی حكومەت دەسەڵاتی پێنەدراوە، نیگەرانییەكانی گەیاندبووە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی و دواتریش بەراوێژ لەگەڵ سەرۆكی حكومەت بەرێككەوتن گەیشتن.