کوردستان

02:57 - 17/12/2018

مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبۆوە و پەیسەرپرێسیش ناوەرۆكەكەی ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبۆوە و بڕیاری كۆتایی دەربارەی بەشداریكردن لەحكومەت یەكلایی كرایەوە، یەكێتی پرۆژەیەكی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ پارتی ئامادەكردووە و پەیسەرپرێس بەشێك لەناوەرۆكەكەی ئاشكرا دەكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، لەكۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بكەن.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاندبوو، حزبەكەی پرۆژەیەكی بۆ ئەگەری بەشداری نەكردن لەحكومەت ئامادەكردووە، بەڵام لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا پرۆژەكە لەلایەن مەكتەبی سیاسیەوە هەڵپەسێردرا.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە كۆبونەوەكەدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پرۆژەیەكیان بۆ بەشداری لەحكومەت ئامادەكردووە كە داوای سەرۆكی پەرلەمان و جێگری دووەمی سەرۆكی حكومەت و جێگری یەكەمی سەرۆكی هەرێم و پێنج وەزارەتیان كردووە.
بەشی دووەمی پرۆژەكەی یەكێتی پەیوەندی بە كارنامەی حكومەتەوە هەیە بەپێی زانیاریەكان یەكێتی دەیەوێت بەشیًَك لەو پرۆژەیەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 30ی ئەیلول ئامادەی كردووە لە كارنامەی حكومەتدا جێگیر بكرێت.
بڕیارە رۆژی سێ شەممە وەفدی دانوستانكاری پارتی سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆببێتەوە بەمەبەستی تاوتوێكردنی پێكهێنانی كابینەی حكومەت.