کوردستان

03:05 - 17/12/2018

ئاشتی هەورامی كێشەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی زیاتر دەكات‌

پەیسەر

پرسی دانانەوە، یان گۆڕینی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتییەكان لەپۆستەكەی كێشەو ململانێكانی نێوان مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی زیاتر كردووە.

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی كاندید بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر گۆڕینی تەواوی وەزیرەكانی كابینەی هەشتەم ( جگە لە پشتیوان سادق)دا، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پارتی دەست پەیسەر پرێس كەوتووە گۆڕینی ئاشتی هەورامی ناكۆكییەكانی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی زیادكردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەبەرانبەر ئەو خواستەی مەسرور بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكرات خواستی ئەوەی هەیە، جارێكی تر ئاشتی هەورامی لەلایەن پارتەكەیەوە كاندید بكرێتەوە بۆ پۆستی وەزیری سامانەسروشتییەكان لەكابینەی نۆیەم بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، دوای راگەیاندنی ئەو خواستەی نێچیرڤان بارزانی لەكۆبوونەوە ناوخۆییەكانی پارتی مەسرور بارزانی راستەوخۆ رەتیكردووەتەوەو جەتی لەگۆڕینی وەزیرەكان بەئاشتی هەورامی-یشەوە كردووەتەوەو ئەوەش كێشەكانی نێوانی زیاتر كردووە.

هەروەها سەرچاوەكە ئەوەی ئاشكراكرد، كە ئاشتی هەورامی بەهۆی سەرنەكەوتنی لەبیرۆكەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، كە نێچیرڤان بارزانی پشتگیری دەكرد لەو پرسەدا متمانەی مەكتەبی سیاسی پارتی، بەتایبەت مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكەی لەدەستداوە، بۆیە ئەستەمە جارێكی تر كاندید بكرێتەوە.

ئاشتی هەورامی ، كە نەیارەكانی بە "پیاوی جانتاكە" ناوی دەبەن، بەهۆی ئەوەی تەواوی دۆسییەكانی وەزارەتەكەی لەناو جانتاكەی دەستییەتی، لەساڵی 2006وە پۆستی وەزیری سامانەسروشتییەكانی لەلایەو یەكێكە لەمتمانەپێكراوەكانی نێچیرڤان بارزانی، كە لەكابینەی هەشتەم بیرۆكەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی خستە بواری جێبەجێكردن‌و بەوەش كێشەكانی هەولێر لەگەڵ بەغدا گەیاندە لوتكەو هەرێمی كوردستانی تووشی قەیرانێكی دارایی قورس كرد.