کوردستان

12:33 - 01/11/2019

پەیسەر زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح و قاسم سلێمانی ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر پرێس

لەچەند رۆژی رابردوودا و بە شێوەیەكی نهێنی كۆبوونەوەی نێوان بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بەڕێوەچووە، كۆبوونەوەكەش لەسەر ئەگەرەكانی گۆڕینی عادل عەبدولمەهدی بووە و تیایدا بەرپرسە ئێرانییەكە پەیامێكی گەیاندوەتە سەرۆك كۆمار.

خۆپیشاندان و ئاڵۆزی لە شارەكانی خوارو ناوەڕاستی عێراق دەستی پێكردووە و خۆپیشاندەران داوای خزمەتگوزاری و ئەنجامدانی چاكسازی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەشێك لە لایەنەكانیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان داوای گۆڕینی سەرۆك وەزیرانیان كردووە.

دوێنێش (پێنجشەممە) كۆبوونەوەی لایەنەكان و سەرۆك كۆماری بەڕێوەچوو، كە یەكێك لە تەوەرەكان گفتوگۆكردن بوو لەسەر لادانی سەرۆك وەزیران، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر بەهۆی جیاوازی بۆچوونی لایەنەكان هیچ بڕیارێك نەدرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیسەر كەوتوە، لە كۆبوونەوەكەیاندا، قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، پەیامێكی داوە بەسەرۆك كۆمارو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، كە سلێمانی بە سەرۆك كۆماری راگەیاندووە، بۆ پرسی خۆپیشاندەكان و دوورخستنەوەی سەرۆك وەیزان دوو رێگەمان لەبەردەستە، ئەگەر خۆپیشاندەكان زیاتر لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت، ئەوا ئێمە ناچارین گۆڕانكاری لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا بكەین و لەگەڵ لایەنە دۆستەكانمان لەسەر كەسێك رێكدەكەوین. یان لە ئەگەری كپبوونەوەی خۆپیشاندانەكان، ئەوا ئێمە لەگەڵ مانەوەی سەرۆك وەزیرانین لە پۆستەكەی خۆی.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستی پەیسەرن، قاسم سلێمانی ئەوەی بە بەرهەم ساڵح گوتوە، لە هەردوو بارەكەدا پێویستە یەكێتی پشتیوانی بڕیارەكان بێت و هیچ رێگرییەك بۆ ئەو بڕیارانە دروست نەكات و پیشتیوانمان بێت.