کوردستان

01:04 - 01/11/2019

ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی گۆڕینی دەستوری عێراق‌

پەیسەر

دوای ئەوەی لایەنە عێراقییەكان پرسی گۆڕینی دەستوریان وروژاند، لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق پێكهێنرا، لەسەر گۆڕانكارییەكانیش یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوبۆچوون نین و ناكۆكی لە نێوانیاندا هەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان بەهیچ جۆرێك خواستی ئەوەی نیە لەم قۆناغەدا گۆڕانكاری لە دەستوردا بكرێت و هەمووار بكرێتەوە.

پارتی هەر گۆڕانكارییەك لە دەستور بە بەزاندنی هێڵی سور دەزانێت و دژی دەوەستێتەوە، بەتایبەت لە پرسی گۆڕانكاری لە جۆری سیستمی حكومڕانی و پارتی پێی وایە، هەر هەوڵێك بۆ لابردنی سیستمی پەرلەمانی و جێگیركردنی سیستمی سەرۆكایەتی هێڵی سورە و عێراق بەرەو دیكتاتۆری و تاكڕەوی دەباتەوە.

سەبارەی بە بۆچونەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لەبارەی پرسی گۆڕینی دەستور، زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، كە یەكێتی پێێ‌ وایە ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە كوردەوە نیە، دەكرێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت.

یەكێتی نیشتیمانی ئەوەی بە پارتی راگەیاندووە، مادەم ئێمە دەتوانین هەموواری دەستورەكە ئەگەر بە دڵی ئێمە نەبوو رەتبكەینەوە، بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی سێ‌ پارێزگا، ئەوا پێویست ناكات دژی گۆڕانكارییەكانی دەستور بوەستینەوە.

هەرچی سەبارەت بە گۆڕینی سیستمی حكومڕانی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی، یەكێتی پێی وایە گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی ئەو مەترسییەی ناوێـت و دەكرێت گفتوگۆی لە بارەوە بكرێت.